گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەڕێوەبەرى بەندەرى بەيروت: دەمانزانى بەندەرەكە مادەى مەترسيدارى تێدايە

2020.08.05 - 17:38
بەڕێوەبەرى بەندەرى بەيروت: دەمانزانى بەندەرەكە مادەى مەترسيدارى تێدايە

ناس کورد- 

بەڕێوەبەرى ئەو بەندەرەى شارى بەيروتى پايتەختى لوبنان كە ئێوارەى ڕۆژى (سێشەممە) تەقينەوەيەكى مەترسيدار تێيدا ڕوويدا رایگەیاند، ئيدارەى دامەزراوەكە دەيانزانى مادەى مەترسيدار لە بەندەرەكە هەيە بەڵام پێشبينى ئەوەمان نەدەكرد ئەوەندە مەترسيدار بێت.

 

حەسەن قەريتم، بەڕێوەبەرى بەندەرى بەیروت لەلێدوانێكى رۆژنامەوانيدا ئاماژەى بەوە کرد، دەمانزانى كە مادەى مەترسيدار لە بەندەرى بەيروت هەيە، گومرگ و ئاسايشى گشتى نامەيان نارد بۆ لابردنى ئەو مادە مەترسيدارانە لە بەندەرەكە، بەڵام ماوەى 6 ساڵە هيچ وەڵامێكيان نەدراوەتەوە.

 

بەگوێرەى دوايين ئامار بەهۆى تەقينەوەكەوە، زياتر لە 100 كەس گيانيان لەدەستداوە و زياتر لە 4 هەزار كەسيش بريندار بوون، زەرەر و زيانە ماديەكانيش بە 3 بۆ 5 مليار دۆلار و زياتريش مەزەندە دەكرێت.

 

زانياريەكان ئاشکراى دەکەن، تەقينەوەكە بەهۆى 2700 تۆن مادەى نيتراتى ئامۆنيۆمەوە بووە كە لەساڵى 2014 ەوە لەو بەندەرە لەلايەن دادگاوە دەستى بەسەردا گيراوە.

 

بەهۆى تەقينەوەكە زيانێكى ئابورى زۆر كەوتوەتەوە و سايلۆى گەنم و كۆگاكانى وەزارەتى تەندروستى بەركەوتوون و گەنمێكى زۆر و داو و دەرمانێكى زۆريش تياچوون.

 

هەروەها بەگوێرەى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانيەكان، زيانێكى زۆريش بەر تەلار و بارەگا و خانوەكان كەوتوون و زيانيش بەر چوار نەخۆشخانەى شارەكە كەوتوە و لەكار كەوتوون.

 

تائێستاش ژمارەيەك كەس بيێسەروشوێنن و تيمەكان ژێر داروپەردوى خانوو و تەلارە ڕوخاوەكانيان بۆ دەگەڕێن، تەقينەوەكە تا 20 كيلۆمەتر زيانى لە شارى بەيروت داوە.