گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’شەفافى و پاکیى هەڵبژاردنەکە گرەنتى بکات’

داوا لە کازمى دەکرێت بەر لە هەڵبژاردن پلانێکى تەواوەتى پێشکەش بکات 

2020.08.05 - 17:24
داوا لە کازمى دەکرێت بەر لە هەڵبژاردن پلانێکى تەواوەتى پێشکەش بکات 

ناس کورد- 

پەرلەمانتارێكی ڕەوتی حیكمە لەپەرلەمانی عێراق بەپێویستیدەزانێت پێش هەڵبژاردنی پێشوەخت كازمی پلانێكی گشتگیر و تەواوەتى پێشکەش بکات بەمەبەستی دڵنیاكردنەوەی هاووڵاتیان و لایەنە سیاسیەكان لەشەفافی و پاكیی ئەنجامدانى پڕۆسەكە.

 

حەسەن فەدعەم، پەرلەمانتاری ڕەوتی حیكمە بەمیدیا عێراقییەكانی ڕاگەیاند، سەرۆكوەزیران مافی یاسایی و دەستوری هەیە كە پێشنیاری كاتی بەڕێوەچووەنی هەڵبژاردنەكان بكات و ڕەوانەی پەرلەمانی بكات بۆ تاوتوێكردنی كاتەكە و پەسەندكردنی.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، توانایى ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەزۆر ڕووەوە ئەرکى دەسەڵاتى جێبەجێکردنە. 

 

فەدعەم رونیکردۆتەوە، دوای پەسەندكردنی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنەكان لەلایەن پەرلەمانەوە، سەرۆكوەزیران داواكارییەك ئاڕاستەی سەرۆككۆمار دەكات بۆ ئەوەی بەڕۆڵی خۆی هەستێت و پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە كە وادەكەی لە60 ڕۆژ كەمتر نەبێت لەڕۆژی وادەی دەستپێكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.

 

پەرلەمانتارەكەی ڕەوتی حیكمە، ئاماژەى بەوەش کرد کە لەسەر پەرلەمانیش پێویستە لەدانیشتنێكی خۆیدا و بەگوێرەى مادەی 64ى دەستور، خۆی هەڵوەشێنێتەوە و ئەو كاتەشی لەبەردەستدایە بۆ ئەوەی ئەو کارانەى ماوەتەوە تەواوى بکات. 

 

فەدعەم ئەوەشی ڕوونكردوەتەوە، یاسای هەڵبژاردنەكانیش تەواوبووە و تەنها پاشكۆی یاساکە و میكانزمی دابەشكردنی بازنەکانی ماوە، هاوشێوەى یاساى دادگاى فیدراڵى کە خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە و هیچی وای نەماوەتەوە تەنها لەدانیشتنێكدا دەنگدان لەسەری نەبێت.



بەوتەی پەرلەمانتارەكەی ڕەوتی حیكمە، پەرلەمان ئەركێكی ئەوتۆی لەسەر نەماوە كە پرسگەلێكی ئاڵۆزبن دەكرێت لەچوارچێوەی دەسەڵاتەكانیدا ئەو ماوەیەی لەبەردەمیدا ماوە تەواوی بكات و بە 60 ڕۆژ پێش وادەی هەڵبژاردن خۆی هەڵوەشێنێتەوە.

 

فەدعەم جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، هەموو لایەنە سیاسیەكان پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەن بەڵام خاڵی جیاوازییان كاتەكەیی و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنیەتی و گرنگیشە سەرۆكوەزیران پلانێكی تۆكمە و تەواو دابنێت بەمەبەستی ڕەخساندنی كەشوهەوایەكی جێگیر پێش هەڵبژاردنەكە بۆ ئەوەی پەیامێك بگاتە لایەنە سیاسیەكان و گەلی عێراق بەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفاف دەبێت و بەپێی خواستی عێراقییەكانیش دەبێت.