گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نرخی نەوت بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.. هۆکار چییە؟

2020.08.05 - 15:22
نرخی نەوت بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.. هۆکار چییە؟

ناس کورد-

بەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی نەوتی عەمبارکراو لە کۆگا نەوتییەکانی ئەمریکا نرخی نەوت بە ڕێژەی 1.7 % بەرزبووەوە و گەیشتە نزیکەی 45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی ئابی 2020، نرخی نەوتی خاوی برێنت 31 سەنت بەرزبوەوە، و لە دواین مامەڵەدا بە 44.74 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک فرۆشرا.

 

لە بەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی 26 سەنت بەرزبووە و لە دواین مامەڵەدا بە  41.96 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ سێشەممە پەیمانگای پتڕۆڵی ئەمریکی ڕایگەیاند، لە هەفتەی ڕابردوودا قەبارەی نەوتی عەمبارکراو لە کۆگا نەوتییەکانی ئەمریکا بە بڕی 8.6 ملیۆن بەرمیل کەمیکردوە، لەکاتێکدا شارەزایانی ئابوری پێشبینیانکردبوو بە قەبارەی سێ ملیۆن بەرمیل کەم بکات، بەوهۆیەشەوە نرخەکەی ڕووی لە زیادبوون کردووە.

 

هۆکارێکی دیکەی زیادبونی نرخی نەوتی خاو دەگەڕێتەوە بۆ داتاکانی کۆمەڵەی کارگەکانی ئەمریکا کە ئاماژە بەوەدەکەن خواست لەسەر بەرهەمی نەوتی خاو بەڕێژەی بەرچاو زیادیکردوە، ئەوەش هیوای وەبەرهێنەرانی لەبارەی گەشەسەندنی بازاڕە ئابورییەکان زیادکردوە.

 

بەڕای شارەزایانی بواری نەوت، بەهۆی ئاساییبونەوەی دۆخی کۆرۆنا لە بەشێکی وڵاتان و بەردەوامی ڕێککەوتنی نێوان وڵاتانی ئۆپیک پڵەس، نرخی نەوت تا ماوەیەک بە جێگیری دەمێنێتەوە.