گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چوار هۆکارى پشت پەسەندنەکردنى یاساى هەڵبژاردن

دیارترین گۆڕانکارییەکانى دەستورى عێراق..ماڵئاوا گەورەترین کوتلە

2020.08.05 - 14:20
دیارترین گۆڕانکارییەکانى دەستورى عێراق..ماڵئاوا گەورەترین کوتلە

ناس کورد-

 

لیژنەى شارەزایان بۆ هەموارکردنى دەستورى عێراق ڕایگەیاند، کوتلەى براوە لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوو ئەرکى پێکهێنانى حکومەت و دیاریکردنى وەزیرەکان و بەرنامەى حکومى دەگرێتەدەست، پەرلەمانیش یەکجار دەنگ لەسەر حکومەت دەدات.

 

 

عادل لامى ئەندامى لیژنەى شارەزایان بۆ هەموارکردنى دەستورى عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، لیژنەى هەموارى دەستور لەسەرۆکایەتى کۆمار، کارەکانى تەواوکردووە، بەبەشدارى شارەزایانى یاسا و یاساى نێودەوڵەتى و دەستورى و نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەرانى خۆپیشاندەران و سەرجەم هەموارەکانیان ئامادەکردووە.

 

وتیشى "گرنگترین گۆڕانکارییەکانى دەستور کە تایبەتە بە هەڵبژاردنەکان، راسپاردنى کوتلەى براوەیە بۆ پێکهێنانى حکومەت و دیاریکردنى وەزیرەکان و بەرنامەى حکومى، نەک ئەو کوتلە پەرلەمانییەى لەدواى هەڵبژاردنەکانى پێشوو رادەسپێردران، کە هۆکارى دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەت و بەردەوامى پشک پشکێنەیە".

 

عادل لامى باسى لەوەشکردووە، بەپێی گۆڕانکارییەکان، پەرلەمانى عێراق رادەسپێردرێت بەیەکجار دەنگ لەسەر سەرۆکوەزیران و کابینەکەى و بەرنامەى حکومى بدات.

 

دەشڵێت، لیژنەکە پێداچونەوەى کردووە بەزۆرێک لە ماددەکان، زۆرێک لە گوزارشتەکانى "لەگەڵ رەچاوکردنى پێکهاتەکان" سڕدراونەتەوە و گوزارشتى دیکە لەشوێنیان دانراوە، کە هاندانى تێدا نییە بۆ پشک پشکێنەى مەزهەبی و نەتەوەیی.

 

بەوتەى عادل لامى، سەرۆکى لیژنەى پێداچونەوە بە دەستور لە سەرۆکایەتى کۆمار بەڵێنیداوە گۆڕانکاریی و راسپاردەکان چاپ بکات تا هاوڵاتیانى لێ ئاگاداربکرێتەوە، بەڵام قەیرانى هەڵبژاردنى پێشوەختە هۆکارى دواکەوتنیەتى.

 

پێشیوایە، چوار هۆکارى سەرەکى لەپشت دواکەوتنى دەنگدانە لەسەر یاساى هەڵبژاردنەکان، کە بریتین لە پرسی بازنەکانى هەڵبژاردن، کە هەر کوتلەیەک دەیەوێت بەپێی پێوەرى خۆى بێت، دووەمیش ئەوەیە هەندێ کوتلە دەیانەوێت عێراق یەک بازنە بێت واتە یەک بازنە و لیستى داخراو.

 

دوو هۆکارەکەى تر بەوتەى لامى بریتین لەوەى هەندێ کوتلەى دیکە دەیانەوێت بازنەکان لەسەر ئاستى پارێزگاکان بێت وەکو پێشوو، هەندێکى دیکەش دەیانەوێت لەسەر ئاستى قەزاکان بێت، وەک ئەو پێشنیازەى حکومەت رەوانەى پەرلەمانى کردووە، کوتلەکانى دیکەش دەیانەوێت لەسەر ئاستى بازنەى تاکەکەسى بێت واتە 328 بازنەى هەڵبژاردن.

 

جەختیشیکردەوە، کە پێویستە داواکارى گەل و خۆپیشاندەران لەبەرچاو بگیرێت کە داواى فرە بازنەیی و لیستى تاکەکەسى دەکەن، کە ئەوە نزیکترە لە دۆخى ئێستا و گۆڕانکارییەکان.