ناس کورد-
حەسەن حەمەد، وەزیری تەندروستیی لوبنان جەختیکردەوە کە "ژمارەى بێسەروشوێنبووان لە تەقینەوەکەی بەیروتدا زیاتر لە ژمارەى ئەو تەرمانەى کە تائێستا دۆزراونەتەوە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی دواین ئامار کە ڕێکخراوی خاجی سوری نێودەوڵەتی بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی تەقینەوەکەى دوێنێ سێشەممەى بەندەری بەیروت، تائێستا 100 کەس کوژران و چوار هەزار کەسیش بریندار بوون.
وەزیری تەندروستیی لوبنان دەڵێت، "ژمارەى قوربانیان لە بەرزبوونەوەدایە، تائێستا 100 تەرم دۆزراونەتەوە، بەڵام ئەو پەیوەندییانەى کە لە کەسوکاری بێسەروشوێنبووان بۆمان دێت زۆر زیاترە لەو تەرمانەى کە لە نەخۆشخانەکاندان، لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا دەنگ و هاوار هەن کە ئاماژەیە بۆ بوونی برینداری زیاتر."
تائێستا تیمەکانی فریاگوزاری و بەرگریی شارستانی بەردەوامن لە گەڕان و پشکنین بەدوای بەرکەوتوواندا، تەقینەوەکە 20 کم کاریگەریی بەدوای خۆیدا بەجێهێشتووە و بەشێکی زۆری شاری بەیروتی پایتەختی وێران کردووە.
وەزیری تەندروستی ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا چوار هەزار بریندار هەن، بەشێکی زۆری بریندارەکانیش تائێستا چارەسەریان بۆ نەکراوە چونکە توانا پزیشکییەکان بەس نین بۆ ئەوە، بەهۆی تەقینەوەکەشەوە چوار نەخۆشخانە بە تەواوی وێران بوون."
سێ تا پێنج ملیار دۆلار؟
هاوکات مەروان عەبود، پارێزگاری بەیروت ڕایگەیاند، قەباری ئەو زیانەى تەقینەوەکە بەدوای خۆیدا هێناویەتی بە سێ تا پێنج ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، جگە لەوەش، نزیکەى 300 هەزار کەس لە ناوچەکە بێ ماڵ و حاڵ بوون و هیچ شوێنێکیان نییە بۆ نیشتەجێبوون.
وتیشی، تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە بونی ئاگرێک لە بەندەرەکە ئاگادارکراونەتەوە، کاتێک کە گەیشتوونەتە ناوچەکە تەقینەوەکە ڕوویداوە، تەقینەوەکە ئەوەندە گەورە بووە کە بارهەڵگرەکانی ئەو ناوچەیە دیار نەماون.
ئاماژەى بەوەشکرد، کاریگەرییەکانی تەقینەوەکە تاوەکو نیوەی پایتەخت ڕۆشتووە، ناوەندی سەرەکی بەرهەمهێنانی کارەبای پایتەختیش بە تەواوی وێران بووە.