گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شارەزایەک شیکردنەوە بۆ تەقینەوەکە دەکات

چۆن پریشکێکى بچوک بەیروتى کرد بە پارچەیەک ئاگر؟

2020.08.05 - 10:57
چۆن پریشکێکى بچوک بەیروتى کرد بە پارچەیەک ئاگر؟

ناس کورد-

هۆکارى تەقینەوەی گەورەکەی بەندەری شاری بەیروتى پایتەختى لوبنان ئاشکرا کرا، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە هۆکارەکەیان گەڕاندەوە بۆ بوونی ماددەی نیتراتی ئەمۆنیۆم کە لەناو یەکێک لە گەنجینەکانی بەندەرەکەدا کە بە سەدان تۆن لەو مادەیە عەمبارکرابوو.

 

ئێوارەی دوێنێ (سێشەممە، 4ی ئابی 2020) دوای تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت کە دەنگێکی شۆکهێنەر و گڕ و دوکەڵێکی زۆری لێکەوتەوە، دەسەڵاتدارانی لوبنان ڕایانگەیاند، تەقینەوەکە بەهۆی  عەمبارکردنی زیاتر لە دوو هەزار و 700  تۆن  لە مادەی نیتراتی ئەمۆنیۆمەوە ڕوویداوە کە بۆ پەینی کشتوکاڵی بەکاردەهێنرێت لەناو یەکێک لە گەنجینەکانی بەندەرەکەدا.

 

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە تەقینەوەکانی بەیروتدا نزیکەی چوار هەزار کەس برینداربوون و زیاتر لە 100 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

نیتراتی ئەمۆنیۆم چییە؟

نیتراتی ئەمۆنیۆم مادەیەکی ڕەقی کرستاڵییە بەئاسانی دەتوێتەوە، پێی دەڵێن (خوێی بەردینی) بەشێوە کیمیاییەکەشی پێی دەڵێن ( NH4NO3)، ئەو ماددە کیمیاییە بەزۆری لە بیابانەکانی (ئەتاکاما) لەوڵاتی چیلی بەردەستە، لە ئێستادا بە ڕێژەی 100% بە شێوەیەکی پێشەسازی دروستدەکرێت ئەوەش لەڕێگەی تێکەڵکردنی لەگەڵ ترشی نتریکدا.

 

بوارەکانی بەکارهێنانی چین؟

نیتراتی ئەمۆنیۆم ماددەیەکی کیمیایی ترسناکە، زۆربەی وڵاتانی جیهان ڕێکاری تایبەتیان هەیە بۆ عەمبارکردنی، چونکە بەئاسانی دەتەقێتەوە، ئەو ماددە کیمیاییە لە ئێستادا وەک پەینی کشتوکاڵی بەکاردەهێنرێت، چونکە لەڕووی پیشەسازییەوە تێچوویەکی کەمی هەیە، لە هەمانکاتیشدا لە بواری تەقاندنەوەی کێو و شاخەکاندا بەکاردەهێنرێت و لە ئەمریکا بەرێژەی 80%دا وەک ماددەی تەقێنەری پێشەسازی بەکاردەهێنرێت.

جیفرى لویس، شارەزاى بوارى چەک و مامۆستا لە پەیمانگاى میلبرى بۆ توێژینەوەى نێودەوڵەتى لە مونتیرى بە ڕۆژنامەى واشنتن پۆستى ڕاگەیاندووە، زۆرێک لە خەڵکى دیمەنى ئەو جۆرە تەقینەوانەیان نەبینیوە، کە هاوشێوەى تەقینەوەى ئەتۆمین، لەکاتێکدا دەکرێت بەهۆى هەر تەقینەوەیەکى گەورەوە ڕووبدەن.

 

بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەى ساتى تەقینەوەکە بڵاوکراونەتەوە، سەرەتا دوکەڵێکى سپى دەردەکەوێت لە ئەنجامى ئاگرکەوتنەوە لە کۆگاکە، بەوتەى لویس، ئەوە دەریدەخات کە ڕووداوەکە سەرەتا ئاگرێکى بچوک بووە و دواتر درێژبووەتەوە بۆ ماددە کیمیاییەکان و بەو شێوەیە گەورەیە تەقیونەتەوە.

دەشڵێت، ئەو زیانانەى بەر ماڵەکان کەوتوون، بەهۆى دەنگە شۆکهێنەرەکەى ڕووداوەکەوە بووە.

 

چى وادەکات مادەی نیتراتی ئەمۆنیۆم ترسناک بێت و بتەقێتەوە؟

نیتراتی ئەمۆنێۆم یەکێک لەو ماددە کیمیاییانەی کە زوو دەتوێتەوە و کارلێک لەگەڵ هەوادا دروستدەکات و توانای ئەوەی هەیە گەرمییەکی زۆر بەرهەمبهێنێت، ئەوەش وادەکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای کەشوهەوا بەشێوەیەکی کتوپڕ گڕ بگڕێت و لەکاتی سوتانیدا ڕێژەیەکی زۆر لە گاز دروست بکات و ببێتە هۆکاری زیادبوونی ئۆکسجین کە ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ زیاتر گەشەکردنی هەر ئاگرکەوتنەوەیەک.

 

دواى تەقینەوەکە، ئەنجومەنى باڵاى بەرگرى لوبنان ڕایگەیاند، روودانى تەقینەوەکە بەهۆى گڕگڕتنى دوو هەزار و 750 تۆن ئەمۆنیۆمەوە بووە، کە لەساڵى 2014 لەناو کەشتیەکدا دەستى بەسەرداگیراوە، کە بەرێگەوە بووە بەرەو ئەفریقا، دواتر لەو شوێنە هەڵگیراوە بەمەبەستى پاراستنى.

باسى لەوەشکردووە، لەماوەى هەڵگرتنیدا لەو شوێنە، تێبینى ئەوە کراوە کە شوێنەکە پێویستى بە چاککردنەوەیە، بەتایبەتى قوفڵى دەرگاکان چونکە بەهۆى بوونى دەرچەیەکەوە دەتوانرا بە ئاسانى خەڵک بچێتە ژورەوە و بێتە دەرەوە، بۆیە داوایان لە ئیدارەى ئەو شوێنە کردووە چاکی بکەنەوە.

 

بەوتەى جیفرى لویس، ئەو بڕە لە نیتراتى ئەمۆنیوم نزیکە لە قەبارەى تەقینەوەکەوە.

 

زانیارییەکانى دەزگا ئەمنییەکانى لوبنان ئاماژە بەوەدەکەن کە تەقینەوەکە لەکاتى لەحیمکردنى دەرگاى شوێنەکە روویداوە، کە بەهۆیەوە ئاگر کەوتووەتەوە و بووەتە هۆى تەقینەوەى ئەو بڕە لە نیتراتى ئەمۆنیوم کە یەکسانە بە 1800 تۆن ماددەى تى ئێن تى.

 

بەوتەى لویس، دوکەڵى سورى تەقینەوەکە کە لە ساتەوەختى ڕوودانى بینرا ئۆکسیدى نایترۆجینە کە بەهۆى گڕگڕتنى ئەمۆنیۆمەوە دروستدەبێت، ئەوەش زانیارییەکان لەبارەى هۆکارى روودانى تەقینەوەکە کە دەگەڕێنرێتەوە بۆ تەقینەوەى ئەو مادەیە پشتڕاستدەکاتەوە.

بۆمبی پەینیی

بەهۆی کەمی تێچووی ماددەی نیترانی ئەمۆنیۆم و بەردەستبوونی لە بازاڕەکان، زۆر جار لەلایەن گروپە تیرۆرستییەکانەوە وەک بۆمبێکی ترسناک بەکارهاتووە.

 

بۆ دروستکردنی بۆمبێک لە  نیتراتی ئەمۆنیۆم تەنها پێویستی بە بڕێک سوتەمەنی و تەرەقەیەک هەیە بۆ ئەوەی تەقینەوەکە دوو هێندە بەهێزتر بێت.

 

لە ساڵانی  1992 و 1993 سوپای کۆماری ئیرلەندای باکور کە دژ بە بەریتانیا دەجەنگان، ئەو ماددە کیمیاییەیان لە تەقاندنەوەی باڵەخانەیەک لە شاری لەندەن بەکارهێنا کە لە هەردوو تەقینەوەکەدا چوار کەس کوژران وزیاتر لە 40 کەسیش بەرینداربوون.

 

لەساڵی 1995 بەهۆی بۆمبێکی پەینییەوە زیاتر لە 168 کەس لە شاری ئۆکلاهۆمای ئەمریکا گیانیلەدەستدا.

 

زیاتر بخوێنەوە: ترەمپ بۆچوونی شارەزا ئەمریکییەکان لەبارەى تەقینەوەکەى بەیروت ئاشکرا دەکات

 

تەقینەوەکان هەر زوو بوونە جێی سەرنجی پسپۆڕانی بواری تەقەمەنی و ماددە کیماییەکان. پسپۆرە سەربازییەکانی لوبنان ئاماژە بەوە دەکەن شێوازی ئەو دووکەڵەی لە تەقینەوەکانی بەیرووتدا بینراون هاوشێوەی دووکەڵی ماددەی تی ئێن تی بوون کە بەبڕێکی زۆر لە شوێنێکدا بتەقێتەوە.

 

میدیاکانی لوبنان لە زاری خەڵکی بەیروتەوە باسیان لەوە کردووە تەقینەوەکان هێندە بەهێزبوون باڵەخانە دوورەکانیش زیانیان بەرکەوتووە، تەنانەت خەڵکی دورگەی قوبروسیش کە 240 کم لە لوبنانەوە دورە هەستیان پێکردووە.

 

زیاتر بخوێنەوە: ئاماری سەرەتایی تەقینەوەکەى بەیروت ڕاگەیەنرا.. لە قوبروسیش خەڵک هەستیان پێ کردووە

 

میشێل عۆن، سەرۆکی لوبنان دوای تەقینەوەکان ڕایگەیاند کە نزیکەی 2750 تۆن نیتراتی ئامۆنیا لە بەندەرەکەدا (شوێنی تەقینەوەکە) هەڵگیرابوون، کە لەوانەیە هەڵگرتنی ئەو ماددەیە بەبێ مەرجی سەلامەتی هۆکاری تەقینەوەکە  بێت.