گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دۆسییەی بریندارانی بۆردومانەکەی کونەماسی دەبرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان

2020.08.04 - 22:57
دۆسییەی بریندارانی بۆردومانەکەی کونەماسی دەبرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان

ناس کورد-

ڕێکخراوێکی هاوکاریی مرۆیی و چاودێریی مافی مرۆڤ سەردانی بریندارەکانی کونەماسییان کرد و بەڵگەکانی تاوانەکەیان تۆمارکرد و دەڵێت، دۆسییەکە و بەڵگەکان بەرزدەکەنەوە بۆ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئابی 2020، شاندێکی ڕێکخراوی نوا بۆ هاوکاریی مرۆیی و چاودێریی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان و عێراق سەردانی بریندارەکانی بۆردوومانەکەی تورکیایان لەسنوری کونەماسی کرد.

 

لەدوای سەردانەکە لە لێدوانیکی رۆژنامەوانیدا، شێرکۆ حەمەئەمین، نوێنەری ڕێکخراوی نوا ڕایگەیاند: " هاتین تا لە زمانی خۆیانەوە بارودۆخی بریندارەکان و چۆنییەتی ڕووداوەکە و بەڵگەکان دۆکیۆمێنت بکەین."

 

وتیشی: " ئەو شوێنەی کە تورکیا بۆردومانی کردووە جێگای گەشتیارییە و هیچ بنکە و بارەگایەکی حزبی و سەربازیی تێدا نییە و قوربانییانیش خەڵکی مەدەنین."

 

ئاماژەی بەوەشکرد: " کەیسەکە دۆکیۆمێنت دەکەین و بەرزی دەکەینەوە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەوروپا لە جنێف، بەمەبەستی جوڵاندنی ڕای نێودەوڵەتی لەسەر ئەم بابەتە."

 

ئێوارەی ڕۆژی 25ی حوزەیرانی 2020، لە بۆردومانێکی تورکیادا لە سەیرانگای کونەماسیی سەربە قەزای شارباژێڕ شەش کەس برینداربوون کە پێنجیان ئەندامی یەک خێزان بوون و کەسێکیش گیانیلەدەستدا.