گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’لوبنان توشی کارەسات بوو’’

ئاماری سەرەتایی تەقینەوەکەى بەیروت ڕاگەیەنرا.. لە قوبروسیش خەڵک هەستیان پێ کردووە

2020.08.04 - 22:47
ئاماری سەرەتایی تەقینەوەکەى بەیروت ڕاگەیەنرا.. لە قوبروسیش خەڵک هەستیان پێ کردووە

ناس كورد-

وەزارەتى تەندروستى لوبنان ئامارى سەرەتايى بەرکەوتووانی تەقينەوەكەى بەهێزەکەى بەيروتی بڵاوکردەوە، تائێستا 50 كوژراو و نزيكەى دوو هەزار و 750 بريندار تۆمار کراون، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئامارەکە زیاتر دەبێت.

 

ئاژانسى فرانس پرێس لە زارى وەزارەتى تەندروستیی لوبنانەوە ئاماژەى بەوەداوە، ئامارە سەرەتاييەكانى تەقينەوەكەى ئەم ئێوارەى بەيروتى پايتەخت تائێستا 50 كەس كوژراون.

 

سەرچاوەكانى هەواڵى لوبنانيش ئەوەيان بڵاوكردوەتەوە، نزار نەجاريان، ئەميندارى كەتيبەكانى لوبنان بەهۆى تەقينەوەكە كوژراوە.

كەناڵى LBCی لوبنانى باسى لەوەكردوە، نەجاريان بەهۆى برينەكەيەوە كە لە سەريدا بووە لەناو خانەى ناوەنديى كەتيبەكانى لوبنان لە بەيروت گيانى لەدەستداوە.

 

سەبارەت بە تەقينەوەكەش، وەزارەتى ناوخۆى لوبنان ئاماژەى بەوەداوە، پێويستە چاوەڕێى ئەنجامى لێكۆڵينەوەكان بين بۆ دياركردنى هۆكارەكەى.

ڕونيشيكردوەتەوە، بەپێى زانياريە سەرەتاييەكان تەقينەوەكە بەهۆى مادەيەكى كيمياييەوە بووە كە تواناى تەقينەوەى بەهێز بووە.

 

هەروەها كەناڵى مەيادين لە زارى بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى لوبنانەوە بڵاويكردوەتەوە، مادەكە نيترات بووە كە بووەتە هۆى تەقينەوەكە و چەندين تۆن لەو مادەيە تەقينەوەكەى دروستكردوە.

هاوکات بەشێکی زۆری وڵاتان پەیوەندییان بە بەرپرسانی لوبنانەوە کرد و سەرباری هاوخەمی، ئامادەییان نیشاندا بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی پزیشکی و لۆجستی.

وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەمريكاش لاى خۆيەوە جەختیکردەوە، لە نزيكەوە چاودێرى ڕاپۆرتەكان دەكەن و ئامادەيى وڵاتەكەشى بۆ هەر هاوكاريەك پيشانداوە، تەئكيديشى كردوەتەوە كە هيچ زانياريەكيان لەسەر هۆكارى تەقينەوەكە نييە و ئەگەر لەناو بريندارەكانيشدا هاوڵاتيانى ئەمريكى هەبن ئەوا لەگەڵ دەسەڵاتدارانى ناوخۆيى لوبنان هاريكارى دەكەن.

 

لە لایەکی ترەوە، ڕوانگەی بومەلەرزەزانی ئوردون دەڵێت، هێزی ئەو تەقینەوەى لە بەیروت ڕوویدا یەکسان بووە بە هێزی بومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.5 پلەی ڕێختەر.

هەروەها ناوەندی ئەوروپی ناوەڕاست بۆ تۆمارکردنی بومەلەرزە دەڵێت، زۆرێک لە خەڵکی دورگەی قوبروس کە 240 کم لە لوبنانەوە دورە هەستیان بە تەقینەوەکە کردووە.

 

دەشڵێت، "زۆر ئاگادارکردنەوەمان لە قوبروسەوە بۆ هاتووە کە پەیوەندی بە تەقینەوەکەوە هەبووە، خەڵکی دەنگی لەرەلەر و جوڵانەوەى دەرگا و پەنجەرەکانیان بیستووە."

چەندین کەس لە قوبروسەوە لە تویتەر نوسیویانە کە هەستیان بە تەقینەوەیەک کردووە کە لە لوبنان ڕوویداوە.