ناس کورد-
وەزارەتى دەرەوەى ئێران ئيدانەى ئەو گرێبەستە نەوتيە دەكات كە لەنێوان هێزەكانى سورياى ديموكرات "هەسەدە" و كۆمپانيايەكى ئەمريكى كراوە و دەڵێت، پێچەوانەى ياسا نێودەوڵەتيیەكانە و هەنگاوێكى نوێييە لە بەتاڵانبردنى سەروەت و سامانى سوريا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەباس موسەوى، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئێران لە كۆنگرەيەكى ڕۆژنامەوانيدا وتى، گرێبەستى نەوتيى لەنێوان ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا و گروپە كورديە سوريەكان پێچەوانەى ياساى نێودەوڵەتى و پێشێلكردنى سەروەرى سوريا و يەكگرتويى خاكەكەيەتى.
ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، گرێبەستەكەى ئەمريكا كە هێزێكى داگيركارييە لەسەر خاكى سوريا هيچ ڕوويەكى ياسايى نييە، پێمانوايە گرێبەستەكە هەنگاوێكى نوێييە بۆ بەتاڵانبردنى سەروەت و سامانى سوريا لەلايەن ئەو وڵاتەوە.
پێشتريش ڕژێمى سوريا بە توندى ئەو گرێبەستەى ڕەتكردبووەوە و ئاماژەى بەوەدابوو، ئەو كارە دزينى نەوتى سوريا بە سپۆنسەر و پشتگيرى ئەمريكيەكان و هێزەكانى "هەسەدە"شى بە ميليشيا وەسفكردبوو.
پێشتر ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریكی ئاشكرایكردبوو، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان رێككەوتنێكی لەگەڵ كۆمپانیای نەوتی "دەلتا ئینێرجی"ی ئەمریكی واژۆكردوە بۆ فرۆشتنی نەوت و رەزامەندیی كۆشكی سپیشی بەدەستهێناوە.