گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باس لە دەیان کوژراو و هەزاران بریندار دەکرێت

نزیکەى نیوەی شاری بەیروت بەهۆی تەقینەوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە

2020.08.04 - 20:57
نزیکەى نیوەی شاری بەیروت بەهۆی تەقینەوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە

ناس کورد-

بەپێى دوايين زانياريەكان، تەقينەوە بەهێزەكەى بەيروتى پايتەختى لوبنان لانيكەم 10 كوژراو و هەزاران بريندارى لێكەوتوەتەوە، پارێزگارى ئەو شارەش دەڵێت، نزيكەى نيوەى شاری بەيروتى وێرانبووە، خاچى سورى لوبنانيش دەڵێت، زياتر لە 1000 بريندار هەيە.

 

 

ئێوارەى ئەمڕۆ تەقينەوەيەكى بەهێز بەيروتى پايتەختى لوبنانى هەژاند و سەرەتا پێشبينى ئەوە دەكرا هێڕشى ئيسرائيلى بێت بۆ سەر بەرژەوەنديەكانى حزبوڵاى لوبنان، بەڵام لاى خۆيانەوە حزبوڵڵا و ئيسرائيليش ئەوەيان ڕەتكردوەتەوە.

هەرزوو ئاسايشى گشتى لوبنان بڵاوكردەوە، تەقينەوەكە كە لە بەندەرى بەيروت ڕوويداوە بەهۆى مادەيەكى كيمياييەوە بووە كە زۆر خێرا گڕ دەگرێت و دەتەقێتەوە، لەلايەكى ترەوە دەستەى گومرگەكانى لوبنان بڵاويكردوەتەوە، تەقينەوەكە بەهۆى مادەى نيتراتەوە بووە، سەرچاوەكانى هەواڵى ئەو وڵاتەش باس لەوەدەكەن، تەقينەوەكە مادەيەك بوو كە ماوەى مانگێكە لە كەشتيەكدا دەستى بەسەردا گيراوە.

 

هاوکات مەروان عەبود، پارێزگاری بەیروت بە گریانەوە باسی لە ڕووداوەکە کرد و دەڵێت، بەیروت تەواو وێران بووە.

 

 

سەرچاوەكانى هەواڵى لوبنانى باس لەوەدەكەن، سەرەڕاى دەيان كوژراو و هەزاران بريندار زيانێكى مادەى گەورە بەر ناوچەكە كەوتوە و تەقينەوەكە وەك تەقينەوەى بۆمبێكى ئەتۆمى وابووە.

ئاژانسى ڕۆيتەر بڵاويكردوەتەوە، بەهۆى تەقينەوەكەوە لانيكەم 10 كەس گيانيان لەدەستداوە و سەدانى تر بريندارن، هەروەها تا مەودايەكى زۆر زيانى مادى لێكەوتوەتەوە و تەنانەت بەهۆى بەهێزييەوە زيانى لە خانوو تەلارە دوركانى ناو بەيروتيش داوە، دەنگی تەقینەوەکە لە تەواوی بەیروت بیستراوە.

 

ئاژانسەكەكە لە زارى بەرپرسێكى ئيسرائيليەوە بڵاوكردوەتەوە، ئەوان هيچ پەيوەنديەكان بە تەقينەوەكەوە نەبووە و حوبوڵاى لوبنانيش ئاماژەى بەوەداوە، ئەوەى بڵاودەكرێتەوە گوايە ئيسرائيل لە كۆگاى چەكى حزبوڵاى داوە دوورە لە ڕاستيەوە.

لەلايەكى ترەوە سەرۆكايەتى ئەنجومەنى وەزيرانى لوبنان، ڕۆژى چوارشەممەى وەك ڕۆژى ماتەمينى گشتى بۆ قوربانيانى تەقينەوەكە ڕاگەياندووە، ميشال عۆن، سەرۆكى ئەو وڵاتەش بەهۆى تەقينەوەكەوە داواى كۆبونەوەى بەپەلەى ئەنجومەنى باڵاى بەرگرى وڵاتەكەى كردوە.

 

هاوکات وەزارەتى بەرگریی ئەمريكا "پنتاگۆن" سەبارەت بە تەقينەوەكە بڵاويكردوەتەوە، "ئاگادارى ڕووداوەكەين و نيگەرانين لە ژمارەى قوربانيەكان ئەويش بەهۆى بەهێزى تەقينەوەكەوە،" بەپێى زانياريەكانيش كچى سەرۆكى حكومەتى لوبنان و هاوسەرەكەى و دوو ڕاوێژكارى سەرۆكى حكومەتيش لەناو بريندارەكانن.

 

سەرچاوەكانى هەواڵى عێڕاقيش ئەوەيان ئاشكرا كردوە، لەناو بريندارەكاندا ژمارەيەك ڕۆژنامەنوسى عێراقيشى تێدايە و ئەو تەلارەشى لەناويدا بوون زيانى زۆرى بەركەوتوە، بەڕێوەبەرى نوسينگەى كەناڵى عێراقيەش يەكێك لە بريندارەكان.

دواى ڕووداوەكەش چەندين سەرۆك و سەركردە و كەسايەتى سياسى جيهانى لەسەر ڕووداوەكە قسەيان كردوە بەتايبەتى لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان و سەرەخۆشيان لە گەل و حكومەتى لوبنانى كردوە.