گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوای لە هاوسەرۆکانی یەکێتی دەکەن مافیان بۆ وەربگرێتەوە

بنەماڵەی مەجید هەروتی پارتی بە ’’تیرۆرکردنی’’ کوڕەکەیان تۆمەتبار دەکەن

2020.08.04 - 19:30
بنەماڵەی مەجید هەروتی پارتی بە ’’تیرۆرکردنی’’ کوڕەکەیان تۆمەتبار دەکەن

ناس کورد-

بنەماڵەی مەجید هەروتی، ئەو پێشمەرگەیەی یەکێتی کە لە سەرەتای ئەمساڵدا لە زیندانی ئاساییشی هەولێر گیانیلەدەستدا، ڕونکردنەوەیەکیان بڵاوکردەوە و تێیدا پارتی بە "تیرۆرکردن"ی کوڕەکەیان تۆمەتبار دەکەن و داوا لە هاوسەرۆکانی یەکێتی دەکەن هەڵوێستیان هەبێت و مافیان بۆ وەربگرنەوە.

 

بنەماڵەی مەجید هەروتی لە ڕونکردنەوەیەکەیاندا ڕایانگەیاندووە: "مەجید کە لە شەوی 14/13ی کانونی دووەمی 2020، لە ماڵەکەی خۆیدا ڕفێندرا، لەلایەن ھێزێکی بەناو دژە تیرۆری پارتییەوە بە ھاوکاری ئاسایشی باسرمە و ئاسایشی سۆران بەبێ ھیچ فەرمانێکی دادگا یان ئاگەدارکردنەوەیەکی پێشوەختەی یاسایی بەشێوەیەکی نا مرۆڤانە و تيرۆرئاسا، لە دوای سێ ڕۆژ لە ڕفاندن و بێسۆراخکردنی ڕۆڵەکەمان ئاسایشی پارتی لە ڕێکەوتی 16ی کانونی دووەمی 2020، لە ڕەفتارێکی نامرۆڤایەتی دوور لە هەموو هەستێکی بەرپرسیارێتی و ئەدگارێکی ئەخلاقی ئاگاداری کردینەوە، بەوەی تەرمی (مەجید ھەروتی) لە پزیشکی دادوەریی ھەولێرە."

 

ئاماژەیان بەوەشكردووە: "پارتی پێشبینی نەکردبوو ڕووداوەکە ڕای گشتیی کوردستان ڕابچڵەکێنێت، بەڵکو بەپێی ئەو سیناريۆ تیرۆرئاسایەی دەزگا سیخوڕی و تۆقێنەرەکەی دایتاشیبوو، بەوەی ڕۆڵەکەمان لە زیندان بەدەستی خۆی خۆی خنکاندووە، ڕووداوەکە پەردەپۆش دەکات و مەرگەکەی بێ شوناس و بە هەڵم دەکرێت زۆر ئاسان بیردەچێتەوە، بەڵام ھەر زوو سیناریۆ نەزۆکەکەی پارتی بۆ ڕای گشتی ئاشکرابوو."

 

بنەماڵەی مەجید هەروتی ئەوەشیان خستووەتەڕوو: "ئەم ستەمەی ئەنجامدرا دژ بە ڕۆڵەکەمان و بنەماڵەکەمان سەرەتاییەکی ترسناک بوو دژ بە ئازادی و دیموکراسی و بەھا پیرۆزەکانی مرۆڤایەتی، ھەروەھا ئەم ڕووداوە ھۆشدارییەکی ڕوونی دەسەڵاتە سەرکوتکەرەکەی پارتییە بۆ خەڵکی کوردستان کە ئەوەی لەگەڵیان نەبێت بەو جۆرە تیرۆری دەکەن و دواتر سیناریۆیەکی قێزەونی دەخەنە پاڵ."

 

ئاماژەیان بەوەشكردووە:"لە سەروبەندی ڕووداوەکەدا، بڕیاردرا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی و لیژنەیەکی حکومی (ئەم لیژنە حکومییە پێکھاتبوو لە ئەندامانی دەزگای زانیاریی یەکێتی و دەزگای پاراستنی پارتی)، بە مەبەستی ئاشکراکردنی ڕاستیی ڕووداوەکە بۆ ڕای گشتیی کوردستان، بەڵام تا ئێستا ھیچ دەرئەنجامێکی ئەو لیژنانە نەخراوتە ڕوو بۆ ڕای گشتی و بنەماڵەکەمان."

 

ئەوەشیان خستووەتەڕوو: "ئێمە وەک بنەماڵە و خێزان و منداڵەکانی مەجید داوا دەکەین لە (کاک لاھور شێخ جەنگی و کاک بافڵ تاڵەبانی) ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نوێ، ڕێگە نەدەن ئاکام و ئاشکراکردنی ئەم تاوانە دەرهەق بە پێشمەرگەيەکی یەکێتی وەک چەندان کاری قێزەونی تری پارتی دیزەبەدەرخۆنە بکرێت، چونکە ئەمە ئاسەواری خراپ لەسەر متمانەی ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی بەرانبەر بە پاراستن و بەتەنگەوەبوونی حزبەکەیان لە بەرانبەر هەڕەشەی پارتی لەسەر ژیان و ئازادی و ماڵیان بەجێدەهێڵێت."

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە: " ئێمە وەک بنەماڵەکەمان دەپرسین لە ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نوێ، ئایا ئێوە وەک ھاوسەرۆکان و یەکێتیی نوێ، قبووڵی دەکەن پێشمەرگەکانتان بڕفێنن و لەژێر تەعزیب و ئەشکەنجدان بە شێوەیەکی دڕندانە ڕۆحی لە جەستە دەربکەن؟، دواتریش سیناریۆی جۆراوجۆری بۆ بەیان بکەن، ئێمە وەک بنەماڵەی (مەجید ھەروتی) تەواو دڵنیاین لە ئەستۆپاکیی ڕۆڵەکەمان، ئەگەر ڕۆڵەکەمان تۆمەتبار بێت بە کارێکی نایاسایی، ئەوا دەسەڵاتدارانی پارتی دەیانتوانی ڕووبەڕووی دادگا و یاسا بکەنەوە، ئەوکات ئەستۆپاکی و گوناھباری بە دیار دەکەوت."

 

لە ڕونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە: "پارتی دوور و نزیک ھیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەبەر دەست نەبووە لەسەر تۆمەتبارکردنی ڕۆڵەکەمان تەنھا پڕۆپاگەندە و قسەی سواو دەھۆننەوە، ڕۆژێک لە ڕۆژان ڕۆڵەکەمان لە لایەن پۆلیس و دادگا داواکراو نەبووە، ئەگەر ھەر پێشینەیەکی تاوانکاری ھەبووبێت لە پۆلیس یان دادگاکان، دەتوانن بیخەنە ڕوو بۆ ڕای گشتی."

 

ئاماژەیان بەوەشكردووە: "ئێمە وەک بنەماڵەکەمان بۆچوونمان وایە، ئەم سیناریۆ دروستکراوی پارتی لە ھەمبەر ڕۆڵەکەمان، تەنھا و تەنها ئەوەمان پێدەڵێت، کە پارتی وەک حزبێکی تاکڕەو، ئامانجی تۆقاندن و سڕینەوەی سەرجەم ئەو هێز و دەنگە ئازادیخوازانەیە، کە نەیار و بەرهەڵستی ڕەفتارە قێزەونەکانی پارتی دەکەن، پارتی بەم سیناریۆیە ویستی یەکێتیی نوێ تاقیبکاتەوە، ئاخۆ تا چەند وەک جاران دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ یەکێتی بکات، پارتی دەیەوێت بزانێت کە ئاخۆ ئەم سەرکردایەتییە نوێیەی یەکێتی جیاواز لە پێشوو نەرمی دەنوێنێت لە ئاست پارتی یاخود نەخێر؟، بۆیە ئەمە یەکەم و دوا ڕەفتاری پارتی نابێت بەرانبەر بە ئەندام و لایەنگرانی هێزە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی بەتایبەت یەکێتی، بۆیە دەپرسین ئایا هاوسەرۆکانی یەکێتی ئەمە تا چەند لە پارتی قبووڵ دەکەن؟".

 

 

لەدرێژەی ڕونکردنەوەکەیاندا، بنەماڵەی مەجید هەڕووتی ئاماژەیان بەوەکردووە: "ئێمە وەک بنەماڵەی قوربانیی دەستی زوڵم (مەجید ھەروتی) ماوەی چەند مانگێکە چاوەڕوانی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەکان دەکەین، وەک ئەندامانی بنەماڵەکەمان ماوەیەکی دیکە چاوەڕوان دەکەین، ئەگەر دەرئەنجامەکان بۆ ئێمە و ڕای گشتی نەخرێتەڕوو، ئەوا دەستەوسان نابین، ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین لە شێوەی ناڕەزایەتیدەربڕین لە بەردەم قونسوڵخانەکانی وڵاتانی بیانی لە ھەرێم و جووڵاندنی ڕای گشتی، ھەروەھا پەنا دەبەینە بەر ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لە بەردەم دادگاکانی عێراق دژ بە بکەرانی ئەو تاوانە."

 

لە کۆتاییشدا جەختیانکردووەتەوە: " بنەڵەکەمان دووبارە داوا لە یەکێتیی نوێ بە تایبەت (کاک لاھور شێخ جەنگی و کاک بافڵ تاڵەبانی) ھاوسەرۆکەکانی یەکێتیی نوێ دەکەین، کە چارەنووسی خوێنی ڕۆڵەکەمان بۆ ئاشکرا بکەن و مافی وەرگرنەوە، جێی وەبیرھێنانەوەیە کاک لاھور لەو کاتەدا پرسەنامەیەکی ئاڕاستەی بنەماڵەکەمان کردبوو و بەڵێنی دابوو کە لە خوێنی مەجید ھەرووتی خۆش نابن و بکەرانی دەدەن بە یاسا، ھیواخوازین ئیدی ڕێگە نەدەن لایەنگرانی یەکێتی لەژێر تەعزیبی ستەمکاران گیان لەدەست بدەن."

 

مەجید هەروتی کە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بوو، پاش سێ ڕۆژ لە دەستگیرکردنی لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە، لەزیندان گیانیلەدەستدا و دواتریش ئاسایشی هەولێر لەڕاگەیەندراوێکدا ناوبراویان بە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر تۆمەتبارکرد.