ناس کورد-
سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ هاسەرۆکان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیتدا کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرفتە دارایی و سیاسییەکانی هەرێم کرا و جەختکرایەوە لە هەوڵدانی خێرا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و بژێوی ژیانی هاووڵاتیان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە، 4ی ئابی 2020، د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە شاری سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆککۆمار، لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە گرنگی چارەسەردکرنی سەرجەم کێشە و قەیرانەکان بە ھەمەھانگی لە نێوان گشت لایەنە سیاسییەکان لە پێناو تێپەراندنی دۆخەکە و کۆتایی ھێنان بە کێشە و قەیرانەکان، لە بەرژەوەندی پرۆسە سیاسی و ھێنانەدی داوا رەواکانی خەڵکی خۆراگری کوردستان لە ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران.
سەبارەت بە بژێوی ژیانی ھاووڵاتیان و مووچەی مووچەخۆران، لەسەرووبەندی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دەرھاویشتەکانی لە سەر ژیان و ئابووری، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لەپێویستی چارەسەردکرنی پرسی دابینکردنی بژێوی ژیانی ھاووڵاتیان و مووچەی مووچەخۆران، بەتایبەتی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، کۆتایی ھێنان بەو پرسە زوو بە زوو لە سەر بنەمای دەستور و یاسا و پاراستنی بەرژەوەندی ھاووڵاتیان و مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بێ جیاوازی.
ئاماژە بەوەشکراوە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تەرخانکرابوو بۆ باسکردن لە گرفتە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کە بەم دواییە سەری ھەڵداوە و دووپاتکرایەوە لە گرنگی ئەنجامدانی گفتوگۆی جددی و گەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی ئێستا و ئەنجامدانی چاکسازییە پێویستەکان لە گشت بوارەکاندا بەئاڕاستەی خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەئێستادا هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی قووڵی داراییدا تێپەڕدەبێت و دوای زیاتر لە چوار مانگ گفتوگۆش تائێستا لەگەڵ بەغدا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان و لەملاشەوە چەن مانگێکە قەیران و گرژییەکی سیاسی لە ناوخۆدا بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دروست بووە.