ناس کورد-
كۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگه‌یاند، بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا کاریگەری نەرێنی کردوەتە سەر ڕەوشی خێزان لە عێراق وتوندوتیژیهكان به‌رانبەر به‌ژنان و منداڵان هەڵکشانی بەخۆیەوە دیوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فازڵ غه‌ڕاوی، ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لەعێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد "ڕێژه‌ی توندوتیژی خێزانی لەعێراق به‌هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه ئاستێکی ترسناکی تۆمارکردووە بەردەوام ڕوو لەهەڵکشانە".
جەختیشیکردەوە "ژنان و منداڵان بوونەتە قوربانی و زیانی زۆریان به‌ركه‌وتوه، پیاوانیش توندوتیژیان به‌رامبه‌ر كراوه".
غەڕاوی رونیکردەوە "كوشتن، سوتاندن و خنكاندنی منداڵ و چه‌ندین دیاردەی دیكه‌ى له‌و جۆره تۆماركراوون، بەجۆرێک چەند ساڵێکە ژماره‌ی توندوتیژی لە عێراق ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە".
وتیشی "پرۆژه یاسای توندوتیژی خێزانی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه پێشكه‌شكراوه بۆ ڕێگریكردن لهتوندوتیژیهكانی خێزانی".
جەختیشى کردەوە "له‌رێگه‌ی ئه‌و یاسایه‌ی کە ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق کراوە ده‌توانرێت ڕێگریی لە ئەنجامدانی توندتیژی بەرانبەر بە ژنان و منداڵان بكرێت".
ئەندامەکەی کۆمسیۆنى باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بە پێویستیشزانیوە پەرلەمانی عێراق یاسای تایبه‌ت به پاراستنی خێزان ده‌ربكات و حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری ڕێكاری پێویست بۆ چاودێریكردنی ئه‌و كه‌سانه بگرنه‌به‌ر كه مافه‌كانی مرۆڤ پێشێلكدهكهن و توندوتیژی به‌رامبه‌ر به‌خێزان ئه‌نجامده‌ده‌ن.