گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حەلبوسى بەڵێنێکى بەکازمیداوە 

کوتلە سیاسییەکان تواناکانیان تاقیدەکەنەوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پێشوەخت

2020.08.04 - 10:16
کوتلە سیاسییەکان تواناکانیان تاقیدەکەنەوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پێشوەخت

ناس کورد-

پێدەچێت کوتلە سیاسییەکانى عێراق نەتوانن گومان لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت بکەن کە وادەکەى لەلایەن مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانەوە دیاریکراوە بەگوێرەى ئەوەى داوای خۆپیشاندەران و خەڵکە، بەڵام پەنایان بردوە بۆ داواکردنى وادەیەکى زووتر و لەو رێگەیەوە تواناکانیان تاقیدەکەنەوە.

 

مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیران کۆتایی مانگى ڕابردوو بڕیاریدا رۆژى شەشى حوزەیرانى ساڵى داهاتوو هەڵبژاردنى پێشوەخت لە عێراق ئەنجام بدرێت، بەڵام بەشێک لە کوتلە سیاسییەکان داواى وادەیەکى زووتر دەکەن بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە.

 

کوتلە سیاسییەکان لەئێستادا هیچ رێگەیەکیان لەبەردەمدا نییە جگە لە کۆکردنەوەى واژۆ بۆ دەستپێکردنەوەى دانیشتنەکانى پەرلەمان بەمەبەستى پەسەندکردنى یاساى هەڵبژاردنەکان و ناردنى بۆ سەرۆککۆمار بۆ پەسەندکردنى، کە بەمەرجێکى سەرەکى دادەنرێت بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت.

 

حسێن هینداوى، راوێژکارى سەرۆکوەزیران بۆ کاروبارى هەڵبژاردن ڕایگەیاند، محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان بەڵێنی بە کازمیداوە کە دواى پشووەکانى جەژن یاساى هەڵبژاردنەکان تەواو بکەن.

 

یاساى هەڵبژاردنەکان چەندین مانگە بە هەڵپەسێردراوى ماوەتەوە، بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکان لەسەر بازنەکانى هەڵبژاردن.

 

عادل لامى، سەرۆکى پێشووى فەرمانگەى هەڵبژاردن لەعێراق بە رۆژنامەى شەرقولئەوسەتى ڕاگەیاندووە، دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەخت لەدەسەڵاتەکانى سەرۆککۆماردایە، بەپێی ماددەى 64ى دەستور.

 

وتیشى "بەڵام لەبەرئەوەى کارنامەى حکومەت لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگى لەسەر دراوە کە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختەشى تێدایە، هیچ رێگرێکى یاسایی نییە بۆ دیاریکردنى وادەیەکى گریمانەیی بۆ ئیحراجکردنى کوتلەکان و پەسەندکردنى یاساى هەڵبژاردن و دەرخستنى پابەندبوونى بەرانبەر پەرلەمان".

 

لامى باس لەوە دەکات، کاتێک داواى وادەیەکى زوتر دەکرێت لەلایەن بەشێک لەکوتلەکانەوە، پرسیارێک دێتە ئاراوە ئەویش ئەوەیە، ئەوانە لەکوێن لەکاتێکدا یاساى هەڵبژاردن زیاتر لە شەش مانگە پەکخراوە لەگەڵ کارەکانى دادگاى فیدراڵى.

 

لەو بڕوایەشدایە، ئەو وادەیەى لەبەردەستدایە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن زیاترە لەوادەى پێویست.

 

ئیحسان شەمەرى، سەرۆکى سەنتەرى هزرى سیاسی لە عێراق لەو بڕوایەدایە، ئەو حزبە ئیسلامیانەى کە هەژمونیان هەیە، کاردەکەن لەسەر دانانى یاسایەکى هەڵبژاردن کە گرەنتى مانەوەیان بکات لە گۆڕەپانى سیاسی داهاتوو، هەروەها پشتدەبەستن بە دروستکردنى حزبی سێبەر بۆ مسۆگەرکردنى دەنگى خەڵک.