ناس کورد-
عەبدولوەهاب ساعدى، سەرۆکى دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق رەتیکردەوە ڕوبەڕووى هەوڵى تیرۆرکردن بوبێتەوە لە ناوچەکانى دەوروبەرى بەغدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ساعدى بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە "ئەو هەواڵانەى باس لە هەوڵێک دەکەن بۆ تیرۆرکردنم دورن لە ڕاستییەوە، هیچ هەوڵێکى لەو شێوەیە بۆ بەئامانجگرتنم نەدراوە".
ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆى ئەوە بڵاوبووەوە کە کاروانى ئۆتۆمبیلەکانى ساعدى روبەڕووى هێرش بووەتەوە لە دەوروبەرى بەغدا.
عەبدولوەهاب ساعدى لە ساڵانى 2014 تا 2019 جێگرى فەرماندەى هێزەکانى دژە تیرۆرى عێراقى بوو، رۆڵێکى دیارى هەبوو لەشەڕى دژى داعشدا، لە ئەیلولى 2019 بە بڕیارى عادل عەبدولمەهدى سەرۆکوەزیرانى پێشوو لە پۆستەکەى دورخرایەوە و بۆ وەزارەتى بەرگرى گوێزرایەوە.
ساعدى لەئایارى ئەمساڵدا و بەبڕیارى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران گەڕێنرایەوە بۆ دەزگاى دژە تیرۆر و پلەکەى بەرزکرایەوە و کرا بە سەرۆکى دەزگاکە.