گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئیسرائیل بۆردومانى میلیشیاکانى ئێرانى لە سوریا کرد ’15 عێراقى کوژران’ 

2020.08.04 - 09:33
ئیسرائیل بۆردومانى میلیشیاکانى ئێرانى لە سوریا کرد ’15 عێراقى کوژران’ 

ناس کورد-

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشی ئاسمانیی چەند فڕۆکەیەکی نەناسراوەوە ژمارەیەک چەکدارى میلیشیا عێراقییەکانی نزیک لە ئێران لە سوریا، کوژراون.

 

ئەمڕۆ (سێشەممە، 4ى ئابی 2020)، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند "15 چەکداری عێراقی سەر بە یەکێک لە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە ناوچەی (تەل ئەحمەر) سەر بە شاری قونەیتەرەی نزیک لە سنوری نێوان سوریا و ئیسرائیل بەهۆی بۆردومانی چەند فڕۆکەیەکی نەناسراوەوە، کوژراون".

 

هاوکات ئاژانسی"سانا"ی سوری بڵاویکردەوە "بەرگریی ئاسمانی سوپای سوریا درەنگانی شەوی ڕابردوو ڕوبەڕوی چەند فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی بوونەتەوە کە هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکی سوپای سوریا لە باشوری وڵات".

 

لای خۆشییەوە سوپای ئیسرائیل ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە کرد، بەمەبەستی بە ئامانجگرتنی پێگەیەکی سەربازی سوریا کە تایبەتە بە بەرگریی ئاسمانی و کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری فڕۆکەکانیان هێرشێکی کتوپڕیان لە باشوری سوریا ئەنجامداوە.

 

ئەوەشخراوەتە ڕوو"هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو هەوڵانەی کەدراوە بۆچاندنی بۆمبی چێنراو لەناوچەکەکانی نزیک لە بەرزاییەکانى گۆلان لە نزیک سنوری ئیسرائیل".