گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مستەفا کازمى پێشوازى لە شاندێکى ڕزگاربووانى ئێزیدییەکانى شەنگال کرد..چى پێ وتن؟

2020.08.03 - 18:42
مستەفا کازمى پێشوازى لە شاندێکى ڕزگاربووانى ئێزیدییەکانى شەنگال کرد..چى پێ وتن؟

ناس کورد-

مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق پێشوازى لە شاندێکى ڕزگاربووانى ئێزیدییەکانى شەنگال کرد و ئاماژەى بەوە کرد ئەوەى بەسەر ئێزیدییەکان هات لە شەنگال ئازارێکى بەسوێ بوو بۆ عێراقییەکان.

 

ئەمڕۆ (دووشەممە)، لە ساڵڕۆژى کۆمەڵکوژى ئیزیدییەکان لەلایەن داعشەوە، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق پێشوازى لە شاندێکى ڕزگاربووانى ئێزیدییەکانى قەزاى شەنگال کرد و لە میانەى پێشکەشکردنى وتەیەکدا جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە ناهێڵن جارێکى تر رووداوى لەو جۆرە لە عێراق دووبارە بێتەوە.

 

هاوکات کازمى ئاماژەى بەوە کرد کە هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەى ئەو تاوانە بەزیندوویى بهێڵنەوە و لەڕێگەیەوە نەوەکانى داهاتوو بە دڕندەیى داعشیان ئاشنا بکەن.

 

سەرۆکوەزیرانى عێراق بە شاندەکەى ئێزیدییەکانى وت "عێراق وڵاتى خۆتانە و ئێوە خاوەن ماڵن".

 

لەبەشێکى ترى وتارەکەیدا سەرۆکوەزیرانى عێراق بەڵێنى ئەوەیدا کە هەوڵى جددى بدەن بۆ دۆزینەوەى ئەو ڕفێنراوانەى دیکەى ئێزیدییەکان کە هێشتا ئازاد نەکراوون و ئەوانیش بگەڕێنەوە ئامێزى کەسوکاریان و بەڵێنى ئەوەشیدا کە دادپەروەرى لەو بارەیەوە بەدى بهێنرێت.