گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نوێنەرانى کەرکوک لە فراکسیۆنى یەکێتى لەبارەى دۆخى ناوچە جێناکۆکەکان هۆشدارى دەدەن

2020.08.03 - 17:59
نوێنەرانى کەرکوک لە فراکسیۆنى یەکێتى لەبارەى دۆخى ناوچە جێناکۆکەکان هۆشدارى دەدەن

ناس کورد-

نوێنەرانى کەرکوک لە فڕاکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و لەیارەى دۆخى ناوچە جێناکۆکەکان و دەستبەسەرداگرتنى زەوى و زارى کوردانى ئەو ناوچانە هۆشدارى دەدەن.

 

لە راگەیەندراوەکەدا کە ئاڕاستەى هەر سێ سەرۆکایەتییەکەى عێراقى فیدراڵ و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەى هەرێمى کوردستان کراوە لەگەڵ نوێنەرى تایبەتى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لەسەر دۆخى ناوچە جێناکۆکەکان و داگیرکردنى زەوى و زارى کورد لەلایەن عەرەبى هاوردەوە بێنە دەنگ و هەڵوێستى جددییان هەبێت.

 

لە راگەیەندراوەکەدا هۆشدارى دراوە " ئاگاداری ھەموو لایەک دەکەینەوە کە ئەگەر ئەم دۆخە بە زووترین کات چارەسەر نەکرێت ئەوا ئەم کێشانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە و قەیرانی گەورە دەخولقێنێت".

 

داواش لە سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم و سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێم کراوە کە چی دیکە کەمتەرخەم نەبن و ھەڵوێستی جدی لە سەر کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بنوێنن.

 

دەقى راگەیەندراوەکە:

 

بە ناوی خوای گەەرەو میھرەبان

بە رێزان/ ھەرسێ سەرۆکاییەتەکەی عێراقی فیدراڵ

بەرێزان/ ھەرسێ سەرۆکایەتیەکەی ھەرێمی کوردستان

بەرێز/ نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەكگرتووەکان لە عێراق

 

لە کاتێکدا ھاوڵاتیانی کەرکوک و دەورو بەری سەرقاڵی  بە رێکردنی ڕێو ڕەسمی جەژنی قوربانن ئا لەم کاتەدا کۆمەڵێك لە عەرەبە ھاوردەکان دەیانەوێ جارێکی تر پرۆسەی تعریب لە کەرکوک دوبارە  بکەنەوە ئەمەش لە ڕێی دەست بەسەر داگرتنی جارێکی دیکەی زەوی وزاری کوردانی ناوچەکە لە چەند گوندێکی سەر بە قەزای داقوق کە خاوەندارێتی ئەو گوندانە بە درێژایی مێژوو دەگەرێتەوە بۆ کورد ، ئێمە وەکو نوێنەرانی کورد لە کەرکوک ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین دژی ئەو جموجۆڵانە بەو پێیەی ئەو کارە نا دەستوریە کێشەی زیاتر بە دوای خۆیدا دەھێنێت

 

ئەوەی جێگای نیگەرانیمانە ڕۆلی نەرێنی ئیدارەی کەرکوکە کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کار ئاسانی بۆ ھاوردەکان دەکات

 

بە مەبەستی جارێکی دیکە ھێنانەوەیان لە ڕێگەی ئاراستە کردنی نووسراوی پشتیوانی بۆ ھێزە ئەمنیەکانی پارێزگاکە ھەر بۆیە داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق بە تایبەتی دەکەین وەکو باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێ کردن ئەم کێشەیە بە پەلە چارەسەر بکات بە پێی دەستووری ھەمیشەیی عێراق (ماددەی ١٤٠) . لێرەوە ئاگاداری ھەموو لایەک دەکەینەوە کە ئەگەر ئەم دۆخە بە زووترین کات چارەسەر نەکرێت ئەوا ئەم کێشانە بەردەوام دووبارە دەبنەوە و قەیرانی گەورە دەخولقێنێت و پێویستە سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم و سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێم چی دیکە کەمتەرخەم نەبن و ھەڵوێستی جدی لە سەر کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان بنوێنن

 

نوێنەرانی کەرکوک  لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان