گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 تەندروستی جیهانی:هیچ چارەسەرێکی جادویی بۆ کۆرۆنا لەئارادا نییە 

2020.08.03 - 17:07
 تەندروستی جیهانی:هیچ چارەسەرێکی جادویی بۆ کۆرۆنا لەئارادا نییە 

ناس کورد-

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریدا لەوەی پێدەچێت هیچ چارەسەرێکی جادویی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا لەئارادا نەبێت، توێژەرێکی ئەمریکیش دەڵێت، ڤاکسینە چاوەڕوانکراوەکان ڕاستەوخۆ کۆتایی بە قەیرانی کۆرۆنا ناهێنن و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە و پۆشینی دەمامک چەند ساڵێک بەردەوامی دەبێت. 

 

 تیدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لەڕێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە ڕایگەیاند :"لە ئێستادا هیچ چارەسەرێکی جادویی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە و پێدەچێت هەرنەشبێت".

 

ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا 18 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و و نزیکەی 700 هەزار کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیانلەدەستداوە.

 

لەئێستادا بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا پێیناوەتە قۆناغێکی نوێوە، دێبۆرا بیرکس، ڕێکخەری کاروباری بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆشکی سپی لەمیانەی لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی CNNی ئەمریکی ڕایگەیاند "بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا زۆر جیاوازترە بە بەراورد بە مانگی نیسان و ئایاری ڕابردو، ئەمریکا پێیناوەتە قۆناغێکی نوێی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە".

 

لەسەر ئاستی جیهان ئەمریکا زۆرترین زیانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پێگەیشتوە، تا ئێستا چوار ملیۆن و 813 هەزار و 647 توشبوی ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش 158 هەزار و 365 کەس گیانیانلەدەستداوە، وڵاتی بەرازیلیش بە پلەی دووەم دێت کە زیاتر لە دوو مليۆن كەس لەو وڵاتە توشی پەتاکە بوون و زیاتر لە 94 هەزار کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیانلەدەستداوە، وڵاتی هیندستانیش بەپلەی سێهەم دێت و زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار توشبووی تێیدا تۆمارکراوە و نزیکەی 35 هەزار کەسیش بە نەخۆشییەکە مردوون.

 

 ڤاکسین گۆچانێکی جادویی نییە

یوناتان گراد، پسپۆری ئەمریکی لەبواری نەخۆشییە گوازراوەکان شارەزا لە زانستی بەرگری لەش لە زانکۆی "هارڤارد"ی ئەمریکی لەو باریەوە بە ڕۆژنامەی"واشنتۆن پۆست"ی ئەمریکی ڕاگەیاندووە  "بە دۆزینەوەی ڤاکسینی دژبە کۆرۆنا ناتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە لە کاتێکی کورتدا ڤایرۆسەکە لە ناودەچێت و ئیدی پێویست بەوە ناکات بەردەوام بین لە پەیڕەوکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و دەمامک نەپۆشین".  

 

 گراد، ڕوونیکردوەتەوە "پەرەپێدان بە ڤاکسینی دژبە کۆرۆنا کۆتایی بە قەیرانەکە ناهێنێت، چونکە ڤاکسینەکان قۆناغی زۆری دیکەیان لە پێشەوەیە وەک میکانزمی دابەشکردنی، هاوکاری وڵاتان لەنێوان خۆیاندا و دڵنیایی خەڵک، بۆیە ئەو جۆرە ڕێکارانە وادەکات گەیشتنی ڤاکسینەکە بەدەست هەموو خەڵکی سەر زەوی چەند ساڵێکی پێویست بێت".

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشێکی زۆرلە زانایان و شارەزایان جیهان لەو بڕوایەدان "ئەگەری هەیە وەرگرتنی ڤاکسینەکە ڕاستەوخۆ نەبێتە هۆکاری بەهێزکردنی بەرگری لەشی مرۆڤەکان، پێدەچێت سیستمی بەرگری لەش دوای چەند هەفتەیەک لەوەرگرتنی پێکوتەکە کارابێت یاخود ئەگەری هەیە مرۆڤەکان پێویستیان بەوە هەبێت دووبارە ڤاکسینەکە وەربگرنەوە".

 

ئەوەش خراوەتە ڕوو "هەندێک لە ڤاکسینەکان بەدوو قۆناغ لە مرۆڤەکان دەدرێت، ئەگەریشی هەیە هەندێک لە ڤاکسینەکان بە تەواوەتی مرۆڤ لە نەخۆشییەکە نەپارێزێت، بۆیە ناچاردەبن چەند جارێک ئەو ڤاکسینە بەکاربهێنن کە ئەوەش وادەکات مرۆڤەکان بۆ ماوەیەکی دیاری نەکراو پابەندی ڕێکارەکانی خودپارێزی بن لە پەتاکە".