ناس کورد - ئاکۆ حەمەد رابی
ئەمڕۆ (دووشەممە، 3ی ئابى 2020) تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیانکردەوە بە تۆپبارانکردنی گوندە سنوریەکانی ناحیەی سیدەکانی قەزای سۆران و تائێستاش تۆپببارانەکە بەردەوامە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مەجید حەمەدەمین، موختاری گوندی کەتینە بە ناس کوردی ڕاگەیاند :" لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیانکردوە بە تۆپبارانکردنی کەتینە، بن پەرێز، دەرهۆڵ و بەربزین و تا ئێستاش تۆپبارانەکە بەردەوامە".
ئاماژەی بەوەشدا ، تۆپبارانەکە بە سەختی دەکرێت و بەو هۆیەوە ڕەوشێکی ئاڵۆز و ناخۆش لە گوندە سنوریەکان دروست بووە.
لەبارەی زیانەکانی تۆپبارانەکەش، موختاری گوندی کەتینە رونیکردەوە، تا ئێستا زانیاریمان نیە لەسەر زیانی گیانی تۆپبارانەکە، بەڵام ئەوەی ئێستا بەدیدەکرێت ئاگرێکی گەورە کەوتۆتەوە و ڕەز و باغ و پوش و پاوان و دارستانی ناوچەکە دەسوتێت.
مەجید حەمەدەمین وتیشی، گوندنشینان و مەڕداران تووشی ترس و دڵەڕاوکێی زۆربون و لە پێناو پاراستنی گیانیان، ناوچەکەیان جێهێشتوە.