گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکى کورد سێ مەرج دەستنیشان دەکات بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت

2020.08.03 - 12:09
پەرلەمانتارێکى کورد سێ مەرج دەستنیشان دەکات بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت

ناس کورد-

سەرکەوت شەمسەدین، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى ئایندە لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، هەڵبژاردنى پێشوەخت ناتوانێت هیچ شتێک لە واقیعى عێراق بگۆڕێت ئەگەر سێ مەرج هەیە نەیەتەدى.

 

سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى ئایندە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، فراکسیۆنەکەیان هەر لەسەرەتاوە پشتیوانى لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت کردۆتەوە لە عێراق، بەو مەرجەى پرەنسیپى تایبەت و گرەنتى لە ئارادابێت.

 

بەوتەى شەمسەدین، بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت دەبێت ئەم سێ مەرجە بوونى هەبێت، یەکەمیان پاکى هەڵبژاردنەکە، دووەمیان کۆتایهێنان بە دۆسیەى گروپە چەکدارەکان چ لە عێراق چ لە هەرێمى کوردستان و سێهەمیان گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ زێد و شوێنى خۆیان.

 

پەرلەمانتارەکەى فراکسیۆنى ئایندە رونیکردەوە، پێداگیرییەکى زۆر هەیە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت، بەڵام جەختى لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر ئەو سێ مەرجە نەیەتەدى هەڵبژاردنى پیشوەخت ئامانجەکانى خۆى ناپێکێت لە گۆڕانکاریکردن لە نەخشەى سیاسى لە عێراق.

 

سەرکەوت شەمسەدین جەختى کردەوە کە پێویستە کارێکى جددى بەرامبەر کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بکرێت بۆ ئەوەى هەڵبژاردنێکى ئەرێنى ئەنجام بدرێت بەگوێرەى ئەو بەروارەى کە مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ ئەنجامدانى دیارى کردووە.

 

هەفتەى ڕابردوو، مستەفا کازمى، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕۆژی 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پێشوەخت لەعێراق دیاریكرد.