گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەسرور بارزانى: داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین قەرەبووی خوشک و برا ئێزدییەکانمان بکاتەوە

2020.08.03 - 11:19
مەسرور بارزانى: داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین قەرەبووی خوشک و برا ئێزدییەکانمان بکاتەوە

ناس کورد-

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى لە ساڵیادى کۆمەڵکوژى ئێزیدییەکان بڵاوکردەوە و تیایدا داواى لە حکومەتى فیدراڵ کرد قەرەبووى ئێزیدییەکان بکاتەوە.

 

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى لە شەشەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییان بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوە کرد "‎کۆمەڵکوژی شنگال و دەوربەری، بە یەکێک لە دڕندانەترین تاوان لە دژی مرۆڤایەتی دادەنرێت لە مێژووی هاوچەرخدا، کە بە شێک بوو لە هێرشی بەرفراوانی تیرۆریستان لە دژی گەلی کوردستان".

 

جەختیشى کردەوە، سەرەڕای هەموو ئەو کارەسات و فەرمان و کۆمەڵکوژییانەی ڕووبەڕووی خوشک وبرایانی ئێزدی بووەتەوە، بەڵام بەردەوامن لە بەرگریکردن لە زمان و ناسنامە و کولتوور و ئاینی خۆیان.

 

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا بەپێویستیزانى بەڕێزەوە یادی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان بکرێتەوە لە ڕزگارکردنی شنگال و دەوروبەری بە سەرکردایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی.

 

هەروەها ستایشی هەڵوێستی خەڵکی کوردستانى کرد لە بە هاناوەچوونی خوشک و برا ئێزدییەکان.

 

ئاماژەى بە پێویستى هاوکارى هەموو لایەنەکان کرد بۆ ئاوەدانکردنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال بە شێوەیەک کە هیچ هێزێکی چەکداری بیانی و میلیشیاکان لە شنگال نەمێنن و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، هەماهەنگ بن بۆ پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە.

 

لەبەشێکى ترى راگەیەندراوەکەیدا، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان جەختى لەسەر بەردەوامبوونى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم کردەوە بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی ئەو ڕفێندراوانەی تا ئێستا ماون، کە ژمارەیەکی زۆریان پێشتر بە هەوڵی حکومەتی هەرێم ڕزگارکراون. 

 

داواشى لە حکومەتی فیدراڵى عێراق کرد، قەرەبووی خوشک و برا ئێزدییەکان بکاتەوە و یارمەتی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات، بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.