گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرهەم ساڵح: مرۆڤایەتی تاوانە قێزەونەکانى داعش دژى ئێزیدییەکان لە یاد ناكات

2020.08.03 - 10:01
بەرهەم ساڵح: مرۆڤایەتی تاوانە قێزەونەکانى داعش دژى ئێزیدییەکان لە یاد ناكات

ناس کورد-

د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق رایگەیاند، ئەو تاوانەى بەرامبەر بە ئێزیدییەکان لە شەنگال ئەنجامدرا تاوانێکە وەک جینۆسایدى مرۆڤایەتى هەژمار دەکرێت.

 

لەمیانەى پێشکەشکردنى وتارێکدا لە بیرەوەرى ساڵیادى کۆمەڵکوژى ئێزیدییەکان پێشکەشى کرد، د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق ئاماژەى بەوە کرد "بیر و مەرامی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە تاوانكاری كۆمەڵكوژیی و سڕینەوەی ئێزدییەكان بووە لە بوون، بەڵام خۆڕاگری گەلەكەمان و یەكڕیزی و پێكەوەیی خەون و ئومێدی رەشی تیرۆرستانی لە گۆڕنا، كە هەرگیز ویژدانی نیشتمانی و مرۆڤایەتی ئەو تاوانە قێزەونانە لە یاد ناكات كەبەدەستی چەپەڵی داعش دەرهەق بە ئێزدییەكان كراوە، لە قێزەونیدا هەموو ئەو تاوانانەی تێپەڕاند كە مێژوو نوسیویەتییەوە هەر لە تاوانی كۆمەڵكوژی و لەناوبردن و تۆقاندن و كاولكردن كە لەسەر دەستی داگیركاران و بكوژان بە درێژایی چاخەكان كراوە".

 

لەبەشێکى ترى وتارەکەیدا سەرۆککۆمار رونیکردەوە، مێژوو بە ستایش و پێزانینەوە پاڵەوانێتی هێزە چەكدارەكانمان لەگەڵ پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و تەواوی گەلی عێراق تۆمار دەكات كە جەنگان و قوربانیاندا و خەباتیان كرد لە پێناو رزگاركردنی شار و گوندەكانمان، لە ناویشیاندا شەنگال كە بەمەش داستانی پاڵەوانیەتی نیشتمانیان تۆماركرد كە بووە مایەی چەسپاندنی هەستی یەكڕیزی و برایەتی، ھاوکات خەون و مەرامی تیرۆریستانی لە گۆڕ نا.

 

بەپێویستیشیزانى، پەلە بکرێت لە رێكخستنەوەی كارگێریی لە شەنگال و بەهێزكردنی ئاسایش و سەقامگیری و پێشكەشكردنی یارمەتی مادی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان لە پێناو گەڕانەوەیان لە كامپی ئاوارەكانەوە بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان كە بەم دواییانە پرۆسەی گەڕاندنەوەى ئارەزوومەندانە دەستی پێكردوە.

 

د.بەرهەم ساڵح، پشتیوانی و پاڵپشتی دوپاتکردەوە لە پێناو زامنكردنی كەشێكی لەبار لەبەرژەوەندی گەراندنەوەی پڕ شكۆ لە دۆخی پڕ ئارامی بۆ لێقەوماوان و ئەوانەی دەربەردبوون هەر لە ئێزدییەكان و ھەموو عێراقییەكانى دیکە، كە دۆخی جەنگ و تیرۆیستان ناچاریكردن پەنا بەرنە بەر كۆچ.

 

سەرۆککۆمارى عێراق لە بەشێکى ترى وتارەکەیدا جەختى لەسەر گرنگی لێپێچنەوە لە تاک بە تاکی ئەو کەسانە کردەوە کە سەببکار و كەمتەرخەم بوون لە هاتنەناوەوە و داگیركاری داعش بۆ شار و گوندەكان، هەروەها بۆ ئەو زیانەشی لە رووی مادی و مەعنەوییەوە بە هێزە ئەمنی و سەربازییەكان گەیشتووە كە شار و دانیشتوەكانی رووبەرڕووی داگیرکاری بوونەوە، بۆ ئەوەی ئەم جۆرە كارەساتە جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە بە هەر شێوەیەك لە شێوەكان، هۆكارەكانی ئەم كارەساتانە هەرگیز رێگەی پێ‌ نەدرێ جارێکی دیکە سەر هەڵبدەنەوە.

 

کۆنگرەی یادی شەش ساڵەی کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان، لەلایەن ڕێکخراوى یەزدا بە چاودێرى سەرۆککۆمارى عێراق، بەڕێوەدەچێت.