ناس کورد-
حكومەتی ئەمریكا بە فەرمی لەسەر ڕوداوی دەستگیرکردنی كەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و هاوڵاتی ئەمریكی لەلایەن ئێرانەوە هاتە دەنگ و داوا دەكات ئەو وڵاتە ڕێز لە پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بگرێت و دەستهەڵگرێت لەداتاشینی تۆمەت لەدژی نەیارە سیاسیەكانی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەسەر ڕوداوەكە ڕایگەیاندووە:" زانیاری زۆرمان لەبارەی جەمشید شارمەهدەوە پێگەیشتووە و ڕژێمی ئێرانی ئەزمونێكی باشی لەدەستگیركردنی ئێرانییەكان و خەڵكانی بیانیدا هەیە لەسەر بنەمای داتاشینی تۆمەت و بەهەڵە دەستگیركردن."
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، داوا لە ئێران دەكەن پابەندی شەفافیەت بێت و ڕێز لە پێوەرەكانی یاسا نێودەوڵەتییەكان بگرێت.
شەوی شەممە، 1ی ئابی 2020، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێرانی بڵاویكردەوە، جەمشید شارمەهدیان دەستگیرکردووە کە "سەرۆكی گروپێكی تیرۆیستیە و بارەگاكەی لە ئەمریكایە"، ناوبراو تۆمەتبارە بەڕوداوەی تەقینەوەكەی شاری شیراز لە ساڵی 2008 و هەروەها چەندین كردەوەی تر.
شارمەهد یەكێكە لەكەسایەتیە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران و چەندین ساڵە لەئەمریكا دەژی و سەرپەرشتی گروپێك كردووە بەناوی تەندەر و ماوەیەك پێش ئێستا بەسەردانێك گەیشتووەتە توركیا و گومان دەكرێت بەڕێكەوتنێك ئەنقەرە ڕادەستی تارانی كردبێت.
لای خۆشیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەخنەی توندی لە واشنتن گرت كە داڵدەی شارمەهدی داوە و پاڵپشتی كردووە بۆ كردەوەی تیرۆریستی لەناو ئێراندا.