ناس کورد-
مستەفا کازمی، فەرماندەى هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری دا بە لەسەرکارلابردنی سەعد خەلەف بەدر عەواد، فەرماندەى هێزی "پاراستنی یاسا" کە دوێنێ هێزەکەی سوکایەتییان بە مێرمنداڵێک کرد و بڵاوبوونەوەى ڤیدیۆکەى شەقامی عێراقی هەژاند.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ شەممە، 2ی ئابی 2020، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ناس کوردی وت، "کازمی عەوادی ناردووەتە بەڕێوەبەرایەتی ئیمرە."
دەشڵێت، "کازمی هەروەها بڕیاری داوە بە سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە هەیکەلیەتی هێزی پاراستنی یاسا و پێداچوونەوە بە هەڵسوکەوت و چۆنیەتی هەڵبژاردنی ئەندامانی هێزەکە بۆئەوەى بگونجێن لەگەڵ ئەو ناوەى کە هەڵیگرتووە، کە ئەویش پاراستنی خۆپیشاندەرانە."
ئەوەش لەکاتێکدایە بڵاوبوونەوەى گرتەى ڤیدیۆیی ئەشکەنجەدانى گەنجێک لەلایەن هێزى پاراستنى یاساوە لە عێراق کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە، مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران فەرمانیکردوەوە بەپەلە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە بکرێت.
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکە گەنجێک کە تەمەنى لە 16 ساڵ تێپەڕنابێت دەردەکەوێت کە لەلایەن چەند کەسێکەوە کە جلوبەرگى هاوشێوەى هێزەکانى پاراستنى یاسایان لەبەردایە و لەدەوروبەرى گۆڕەپانى تەحریر بڵاوەیان پێکراوە، ئەشکەنجەى میردمنداڵەکە دەدەن.
لە ڤیدیۆکەدا کە ناس کورد بەهۆى نەشیاوییەوە بڵاویناکاتەوە دەردەکەوێت، ئەو ئەندامانەى هێزە ئەمنییەکە کە جلوبەرگى رەنگى زەیتونیان لەبەردایە، ئەو گەنجە ناچاردەکەن قسەبکات لەبارەى جەستەى دایکییەوە و دەڵێن کە دەستدرێژیان کردووەتەسەر، گەنجەکە کە باوکى نەماوە وەڵامى پرسیارە نەشیاوەکان ناداتەوە، بەڵام لەژێر فشارى ئەشکەنجەداندا ناچاردەبێت وەڵام بداتەوە.
ئەندامانى هێزەکە بەوەوە ناوەستن، هەڵدەستن بە بڕینى قژى گەنجەکە بە بەکارهێنانى کەتەر و تۆمەتبارى دەکەن بەوەى شوشەى ئاگراوى فڕێداوە، کە گەنجەکە رەتیدەکاتەوە، بەبێ ئەوەى ئەوان بوەستن لەمامەڵەى خراپیان بەرانبەرى.
لە ڤیدیۆکەدا ژمارەیەکى زۆر لە ئەندامانى هێزە ئەمنییەکان دەردەکەون، کە بەشێکیان وێنەى دەگرن.
ناس کورد نەیتوانى لەشوێن و کاتى ڤیدیۆکە دڵنیابێتەوە، بەڵام ئەو پرسیارانەى لەگەنجەکە دەکرێت لەبارەى شوشەى ئاگراوى، ئاماژەیە بۆ ئەوەى دەگەڕێتەوە بۆکاتى یەکێک لە خۆپیشاندانەکان.
عەمید ئەسیر لە ڕاگەیاندنى هێزەکانى پاراستنى یاسا بە ناس کوردى ڕاگەیاند، بەدواداچون دەکەن لەو بارەیەوە ئەوان هەر مامەڵەیەکى خراپ لەهەر کەسێکەوە بێت رەتدەکەنەوە و لیژنەى لێکۆڵینەو پێکدەهێنن و تۆمەتباران رەوانەى یاسا دەکەن.
لەکاتى هەوڵدانى ناس بۆ زانینى ئەوەى کە لیژنەى لێکۆڵینەوە بەکردەیی دروستکراوە یان نا، عەمید ئەسیر وتى "انشااللە"، پاشان تەلەفۆنەکەى داخست. عەمید ئەسر دواتر وەڵامى پەیوەندى و نامەکانى ناس کوردى نەدایەوە، بۆ وەرگرتنى زانیارى زیاتر.
ئەفسەرێکى دیکەى باڵا کە سەر بەو هێزەیە ڕایگەیاند، ئەو لەکاتى پشوودایە و هیچ شتێک نازانێت لەبارەى ڤیدیۆکەوە و وەڵامى پەیوەندییەکانى نەدایەوە.
عەلى بەیاتى ئەندامى کۆمسیۆنى مافەکانى مرۆڤ لە عێراق لەبەیاننامەیەکدا داواى لە وەزارەتى ناوخۆ کرد لێکۆڵینەوە بکات لەبارەى ئەو گرتە ڤیدیۆییەوە کەپێشێلکاریی روون بەرانبەر خۆپیشاندەرێک نیشان دەدات بە شێوازێکى نامرۆڤانە و نائەخلاقى.
لاى خۆیەوە، ئەحمەد مەلا تەلال وتەبێژ بەناوى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، مستەفا کازمى فەرمانیکردووە بە ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەى بەپەلە لەبارەى ئەو رووداوەوە کە مامەڵەى نائەخلاقى و ناپیشەیی دەردەخات دژى هاوڵاتییەک.
هاوکات عوسمان غانمى وەزیرى ناوخۆ فەرمانیکرد بە پێکهێنانى لیژنەى لێکۆڵینەوە لەبارەى رووداوەکەوە.