گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا: بۆچی حکومەت ڕوبەڕوی ئەو هێزانە نابێتەوە کە ڕێگرن لە گەڕانەوەى ئاوارەکان ؟

2019.04.21 - 09:17
باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا: بۆچی حکومەت ڕوبەڕوی ئەو هێزانە نابێتەوە کە ڕێگرن لە گەڕانەوەى ئاوارەکان ؟

ناس کورد- 

باڵیۆزی کاربەڕێکەری ئەمریکا لە عێراق ڕایگەیاند، بۆچی حکومەتى عێراق ڕوبەڕوی هێزەکانى بزوتنەوەى حزبوڵا نابێتەوە کە ڕێگرن لە گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ پارێزگای بابل.

جۆی هود، باڵیۆزی کاربەڕێکەری ئەمریکا لە عێراق لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، بزوتنەوەى حزبوڵا ڕێگری لە ئاوارەکان دەکات بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە ناوچەى سەخر لە باکوری پارێزگای بابل و دەشڵێت، حکومەتى ئێران لەڕێگەى سوپای پاسدارانەوەى دەستێوەردان دەکات لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا.

جۆی هود وتی، "هەندێک لە لایەنە عێراقییەکانی پەیوەندیدار بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە خەڵک هەراسان دەکەن و ڕێگری لە ئاوارەکان دەکەن بگەڕێنەوەى زێدی خۆیان."

جۆی هود وتیشى، "لە سەردانێکمدا بۆ یەکێک لە کەمپی ئاوارەکان، دۆخی پەنابەران دڵی دەهەژاند چونکە ڕێگە بە ئاوارەکان نادرێت بگەڕێنەوە، پاشان پارێزگاری ئەنبار و بەرپرسانی دیکەم بینی و پرسیارم لێ کردن، بەڵام هیچ وەڵامێکم دەستنەکەوت کە بۆچی حکومەتی عێراق ڕوبەڕوی هێزەکانى بزوتنەوەى حزبوڵا نابێتەوە کە ڕێگرییان لێ دەکات، بۆیە هەوڵەکانى ئەمریکا بەردەوامە بۆ بەهێزکردنی حکومەتى عێراق تاوەکو بەڕوی ئەو هێز و لایەنانە بوەستێت کە خەڵک هەراسان دەکەن."

ئاماژەى بەوەشکرد، "هیچ زانیارییەکم نییە کە سوپای پاسداران موشەکی بالستی ڕادەستى هێزە عێراقییەکان کردبێت، بەڵام ئێرانییەکان لە شنگالەوە موشەکیان تەقاندووە و لە سەرجەم ناوچەکانى دیکەش بەبێ مۆڵەتى حکومەتى عێراقی ئەو کارە دەکەن."