گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زياتر لە ساڵێكە ميليشيان و داعش هێرش ناكەنە سەر يەكتر و هێرش دەكەنە سەر سوپا

بارودۆخى عێراق ئاڵۆزە.. مەترسى داعش لەزيادبونە و ميليشياکان هاووڵاتيان دەترسێنن

2020.07.30 - 10:43
بارودۆخى عێراق ئاڵۆزە.. مەترسى داعش لەزيادبونە و ميليشياکان هاووڵاتيان دەترسێنن

ناس کورد- 

شەوى دووشەممە ژمارەيەك چەكدار بە جلى سەربازيەوە هەڵيانكوتايە سەر خاڵێكى پشكنينى سەربە ليواى 29 ى سوپاى عێراقى و تەنها يەك كەسيان كوشت، ئەويش عەميد ئەحمەد لامى ئامرليواى ئەو ليوايە بوو هەروەها دوو سەربازيشيان بريندار كرد.

 

بەپێى وتەى سەرچاوەكان عەميد ئەحمەد لامى لە ئەركى پشكنينێكى ڕۆتينيدا بوو لەو خاڵە كە لەسەر رێگەى گوندى محەمەدى بوو لە قەزاى هيتى سەربە پارێزگاى ئەنبار لە خۆرئاواى عێڕاق.

 

بەپێى سەرچاوە ئەمنيەكان ژمارەى هێرشبەران 15 بۆ 20 كەس بوون و هەواڵگرى سەربازى عێراقيش پێى وايە چەكدارانى رێكخراوى داعش لەپشت هێرشەكەوە بوون، بەتايبەتى كە پێش چەند ڕۆژێك داعش ئامر ليوايەكى تريان كوشت لە ناوچەى تارمييە لە بەغدا كە ئەويش عەميد عەلى غيدان بوو.

 

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، شێوازى هەردوو هێرشەكە وەك يەك بووە بەڵام وردى لە جێبەجێكردنى پلانەكەدا ئەوە دەردەخات كە كەلێنێكى ئەمنى گەورە هەيە و لەڕێگەيەوە چەكدارانى داعش سەركردە سەربازيەكان دەكەنە ئامانج، هەريەكە لەو ئامر ليوايانە 2000 بۆ  3000 سەربازيان لەبەردەستدايە لەكاتێكدا چەكدارانى داعش چەند كەسێك بوون.

 

ماڵپەڕى "الحرة" لەزارى ئەفسەرێكى هەواڵگريەوە لە ئەنبار بڵاويكردوەتەوە، داعش لەڕووى هەواڵگريەوە باڵادەستە، هاووڵاتيان ترساون لەوەى كە زانيارى بدەنە هێزە ئەمنيەكان و هاوكاريان بكەن بەهۆى ئەوەشەوە سوپا لە بارودۆخێكى هەستياردايە.

 

زانياريەكانى هاووڵاتيانى ئەنبار بونە هۆى دەستگيركردن و كوشتنى چەندين سەركردەى گەورەى داعش لە ناوچەكە و جوڵەكانى ئەو ڕێكخراوە سنوردار بوون، لەئێستاشدا گەڕانەوەى داعش بۆ ئەنجامدانى پرۆسەى گەورە لە ناوچەيەكى فراواندا نيگەرانى دروستكردوە.

 

چەكدارانى داعش سەرەڕاى كوشتنى ئەو دوو ئامر ليوايە لە چەند ڕۆژى ڕابردودا چەندين هێرشى تريان ئەنجامداوە و چەند سەربازێكى تر كوژراون و بريندار بوون، سەرچاوە هەواڵگريەكەش باس لەوە دەكات كە دواى هەر هێرشێك زانياريمان پێدەگەيشت كە هاوكارمان بوو لە رێگەگرتن لە هێرشى دواتر، بەڵام لەماوەى دوو مانگى ڕابردودا هاوكارى هاووڵاتيان بەشێوەيەكى بەرچاو كەمبوەتەوە لەگەڵ هێزە ئەمنيەكان.

 

سەرچاوەيەك لە حەشدى عەشايەريەوە باس لەوە دەكات، كێشەى دانيشتوانى ناوچەكە ئەوەيە لەماوەى ڕابردودا بە دوودڵيەوە مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن ئەوەش بەهۆى هەڵسوكەوتى ميليشياكان لەگەڵيان.

 

دەشڵێت، ميليشياكانى كەتيبەكانى حزبوڵڵا و كەتيبەكانى سەيد الشهداء و سەراياى نوجەبا و خوراسانى و تەفوف لە ناوچەكانى خۆرئاواى ئەنبار كاردەكەن و بەشێوەيەكى گەورە ئازارى خەڵك دەدەن.

 

سەرچاوەيەكى ئاگادارى تر بەهەمان ماڵپەڕى وتوە، پێش مانگێك چەكدارانى كەتيبەكان هەڵيانكوتايە سەر دێيەك كە بەهۆى دەستگيركردنى كەسێك لە دێكە ناڕەزايەتيان دەربڕى بوو، ئەو چەكدارانەى ماڵەكانى هاووڵاتيانى مەدەنى گەڕان و سوكايەتيان پێكردن و هەڕەشەيان لێكردن، هێزە ئەمنيەكانيش هيچ شتێكيان نەكرد بۆ پاراستنيان، بۆيە زۆر ئاساييە هاووڵاتيانى مەدەنى بترسن لە مامەڵەكردن لەگەڵ هێزە ئەمنيەكاندا.

 

كەتيبەكانى حزبوڵڵا بەشێوەيەكى ناياسايى خاڵە سنوريەكانى ناوچەكە لەگەڵ سوريا دەبەن بەڕێوە، قاچاخچيێتيەكى فراوان بەڕێوەدەبەن و پارەيان لە گەشتيارە ناياساييەكانەوە دەستدەكەوێت و بەردەوام خێزانى چەكدارانى داعش بەرامبەر بڕێك پارە دێننەوە عێراق.

 

يەكێك لە شايتحاڵەكان لە ناوچەكەدا باس لەوە دەكات، حزبوڵڵا دەروازى سنورى "سكەك"ى هەيە كە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك كە بە دەروازەكەدا تێپەڕ دەبێت 50 بۆ 100 دۆلار وەردەگرن، هەروەها بەردەوام چەك هاوردە و هەناردەى سوريا دەكەن.

 

هەر بەپێى وتەى سەرچاوەكە، هەموو ئەوانەش بە بەرچاوى هێزە ئەمنيەكانەوە ڕودەدەن و ناشتوانن ڕێگەيان لێبگرن.

 

سەرچاوەيەك لە پۆليسى پارێزگاى ئەنبار ئاماژەى بەوە داوە، هێزە ئەمنيەكان توانيان دوو بازرگانى مادە هۆشبەرەكان دەستگير بكەن كە 5 هەزار حەبى هۆشبەريان پێبوو، يەكيان ئەندامى حەشى شەعبى بوو كە بە تۆمەتى تيرۆريش داواكراو بوو، بارەكە لە سورياوە بە دەروازە سنوريەكانى حزبوڵڵادا هاتبون.

 

ڕۆژنامەنوسێك دەڵێت، شتێكى سەيرە كە ميليشياكان و داعش و بازرگانانى مادە هۆشبەرەكان بە ئازادى هاتوچۆ دەكەن، لەكاتێكدا سوپاى عێراقى ناتوانن بە ئازادى جوڵە بكەن بەبێ ئەوەى زيانيان بەركەوێت.

 

ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، داعش و ميليشياكان هێرش ناكەنە سەر يەكتر و زياتر لە ساڵێكە نەچونەتە هيچ شەڕێكەوە، بەڵام هەردولايان جا بە چەك بێت ياخود تەقينەوە هێرش دەكەنە سەر سوپا، ياخود كارەكانيان تێكدەدەن و پەيوەنديەكانى نێوان سوپا و هاووڵاتيان دەشێوێنن.