کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد–سابیر عەبدوڵا
شەوی هەینی حاجی سەعدون پەیوەندی بە بەشێك لەخزمەكانیەوە دەكات و لەگەڵیان بەرنامەی ئەوە دادەنێت پێكەوە بچنە سەیران و وەك ئەو عالەمە بایەكی باڵی خۆیان بدەن، بێئاگا لەوەی قەدەر خۆی مەڵاسداوە بۆیان و 13 كەسیان لێدەكاتە قوربانی و خۆشیی و شادی ئەو رۆژەیان لێدەكات بە شین.
.
دوێنێ (هەینی) ڕووداوێكی هاتووچۆ لەسەر رێگای ناحیەی بنگرد-رانیە ڕوویدا و بەهۆیەوە 13 كەس بوونە قوربانی كە پێنج كەس لەوانەی گیانیانلەدەستداوە، ئەندامی یەك خێزانن، كە سێ ژن و دوو منداڵن.
.
حاجی سەعدون بەدەم لۆمەكردنی خۆیەوە، بە ناس كورد-ی وت "بەرەبەیانی رۆژی هەینی بە چەند ئۆتۆمبێلێك ڕوومان لەگوندی بەردەكۆز نزیك سەرسیان لە دەربەندی ڕانیە كرد و تا نیوەڕۆ لەگەڵ خزمان بە قسەی خۆش و پێكەنین كاتەكەمان بەڕێكرد".
.
بەوتەی حاجی سەعدون، لەگەرمەی قسەی خۆش و پێكەنیندا بوون لەپڕ كەشوهەوا گۆڕا و بارانێكی بەلێزمە تەنگی پێهەڵچنیوون و ناچار دەبن بنە و بارگەیان بپێچنەوە و بەرەو رانیە بگەڕێنەوە و لەرێگەی گەڕانەوە لەگەڵ ئۆتۆمبێلێكی جۆری تویۆتا پێكدادەدەن و 13 كەسیان دەكاتە قوربانی.
.
بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی ناس كورد، سەرجەم ئەو كەسانەی لە ڕوداوەكەدا گیانیان لەدەستداوە هاووڵاتی دوو خێزان بوون و خەڵكی گوندی بەردەشانی سەر بەناحیەی بنگرد لە قەزای دوكان و شاری ڕانیە بوون هەردوو خێزانەكەش دانیشتووی شاری ڕانیەن.
.
دەچینە پرسەی ئەو خێزانەوە و پرسەكە جمەی دێت لەوێ كوڕێك دەبینین كە لەگۆشەیەكی مزگەوتەكەدا راوەستاوە و خەمێكی قوڵ دایگرتووە، ئەو ناوی كاوە فەقێیە.
.
كاوە لە رووداوەكەدا دایك و خوشكەكەیی و دوو خوشكەزای لەدەستداوە، هێند خەمناك بوو نەیتوانی قسەمان بۆ بكات و هەر هێندەی وت "لەم رووداوەدا خوشكم و دوو مناڵی و دایكم و زاواكەم بوونە قوربانی هیچم لەدەست نایە جگە لەوەی داوای لێخۆشبوونیان بۆ بكەم".
.
ناوچەی دەبەربەند سنوری هەرسێ قەزای پشدەر و بتوێن و بنگردە و بەهۆی تێپەڕبوونی ئاوی زێی بچوك و بوونی زنجیرە چیاكانی كێوەڕەش و سەرسیان كردویەتی بەناوچەیەكی گەشتیاری و گەشتیاران لەناوچە جیاجیاكانەوە ڕوی تێدەكەن.
.
لە نێوەندی ئەو رووداوەدا شتێك كە تائێستاش بۆتە پرسیار لەلای هێدی رەسوڵ كە شایەتحاڵێكی ئەو رووداوەیە نەبوونی ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری بوو لەناوچەكەدا بۆ گواستنەوەی برینداران، چونكە ئەو ئاماژەی بەوە كرد، كە رووداوەكە روویدا بریندارەكانیان بە بەلەم لە ئاوی دەربەندەوە دەگەیاندە شاری رانیە، ئەو دەپرسێت "چۆن دەكرێ لەناوچەیەكی ئاوا ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری یان فرۆكەیەكی فریاگوزاری نەبێت؟".
.
بەرپرسانی هاتوچۆ هۆكاری رووداوەكە بۆ تیژڕەوی شۆفێرەكان دەگەڕێننەوە و لەو بڕوایەدان كە ئەگەر شۆفێران تیژڕەو نەبن و پابەندی رێنماییەكانی هاتوچۆ بن رووداوی لەو جۆرە ڕوونادات، بەڵام هۆكارەكان هەرچییەك بن تازە ئەو قوربانیانە ناگەڕێنێتەوە ژیان.
بەرهەم شێرزاد لێپرسراوی هاتوچۆی دوكان بە ناس كورد-ی وت "ڕوداوەكە لەنێوان 2 ئۆتۆمبێل لە جۆری توێتا كامری و توێتا هایلۆكس ڕویداوە. لەكاتێكدا توێتا كامرییەكە لە پێچێكدا توێتا هایلۆكسەكەی هاتۆتە پێش و بەیەكیاندا كێشاوە و لە ئەنجامدا 13 كەس بوونەتە قوربانی".
.
ئاماژەی بەوەش كرد، سەرنشینانی توێتا كامرییەكە 6 كەس بوون و سەرەتا 4 كەسیان گیانیان لەدەستداوە كە2 ژن و 2 منداڵ بوون و شۆفێر و منداڵێكیش بەسەختی بریندار بووە، بەڵام ئەمڕۆ (شەممە) منداڵەكەش گیانیلەدەستدا واتە لەكۆی 6 سەرنشین5 كەسیان گیانیان لەدەستداوە و تەنها شۆفێرەكە ماوە ئەویش بەسەختی بریندار بووە.
.
لێپرسراوی هاتوچۆی دوكان روونیدەكاتەوە، لە توێـتا هایلۆكسەكەدا 7 سەرنشین هەبووە كە 3 پیاو 3 ژن و منداڵێك گیانیان لەدەستداوە و 5 كەسەكەی تریش بەسەختی بریندار بوون.
.