گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چى ڕوودەدات؟

زانایان: لە زستاندا ئەنفلۆنزا و کۆرۆنا دەکەونە پێشبڕکێ بۆ تووشکردنی مرۆڤ

2020.07.28 - 09:48
App store icon Play store icon Play store icon
زانایان: لە زستاندا ئەنفلۆنزا و کۆرۆنا دەکەونە پێشبڕکێ بۆ تووشکردنی مرۆڤ

ناس کورد-

زانایان پیشبینی دەکەن لەوەرزی زستاندا شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا گورزی خۆی لەبەشی باکوری زەوی بوەشێنێت، ئاماژە بەوەش دەکەن، بڵاوبوونەوەی پەتای ئەنفلۆنزا لەوەرزی زستاندا ئەگەری هەیە کەمێک لەمەترسی توشبوون بەپەتاکە کەمبکاتەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

بەگوێرەی توێژینەوە زانستییەکان، "بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەشی باکوری ڕووی زەوی تەنها بە هاتنی وەرزی زستانەوە بەند نییە، بەڵکو بوونی چەندین بەکتریا و ڤایرۆسی دیکە، خراپی سیاسەتی حکومەتەکان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ پەتاکە دۆخە مەترسیدارتر دەکات".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "پێشبینیکردنی دۆخی تەندروستی لە بەشی باکوری زەوی لە وەرزی زستاندا کارێکی ئاڵۆز و گوماناویە، هەندێکجار هیوا بەخشە و هەندێجاری دیکەش دەبێتە مایەی دڵەڕاوکێ".

 

توێژینەوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، "بەگوێرەی زانستی نەخۆشییە گوازراوەکان سەرهەڵدانی پەتایەکی نوێی گوازراوە ڕێگە لەبڵاوبوونەوەی پەتایەکی تری گوزاراوە دەگرێت، بەڵام ئایا ئەو یاسایە لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا جێبەجێدەبێت؟".

 

 ئایا ڕێژەی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وەرزی زستاندا زیاتردەبێت؟

 

ڕێچیڵ ڵاو، توێژەر لە کۆلێژی لەندەن بۆ پزیشکی ناوچە کەمەرییەکان لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵی "بی.بی.سی" وتووە "بەراورد بە ڤایرۆسەکانی دیکە کە لە وەرزی زستاندا زیاتر بڵاودەبنەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر لە پەتایەکی وەرزی دەچێت".

 

دەشڵێت "میکانزمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە تائێستا دیارنییە، ئایا زیاتر پەیوەندی بە کەشوهەواوە هەیە یان بەڕەفتاری مرۆڤەکانەوە؟".

 

لای خۆشییەوە، "کۆمەڵەی ڕاوێژکاریی زانستیی فریاگوزاری بەریتانیا" لەو باریەوە ئاشکرایکردووە، دابەزینى پلەی گەرمی بۆ 4 پلەی سەدی، کزبوونی تیشکی خۆر و لاوازبوونی تیشکی سەرووی وەنەوشەیی، داخستنی پەنجەرەکان و نەبوونی هەواگۆڕکێ لەناو ماڵەکاندا لە وەرزی زستاندا کەشێکی نمونەیی بۆ تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا  دەڕەخسێنێت، بۆیە لەوەرزی هاویندا دەرفەتی دەربازبوون لەمەترسی  توشبوون بە ڤایرۆسەکە زۆر زیاترە.

 

هاوکات ئەکادیمیای زانستەکانی بەریتانیا لەڕاپۆرتێکدا پێشبینیکردووە، تەنها لەوەرزی زستانی داهاتوودا 251 هەزار کەس لەو وڵاتە بەهۆی توشبوونیان بە کۆرۆنا گیانلەدەستبدەن.

 

ئەوەشخراوەتە ڕوو، "هەرکەسێکی توشبوو بە ڤایرۆسەکە دەتوانێت پەتاکە بگوازێتەوە بۆ 1.7 کەسی تر".

 

وندی بارکڵی، توێژەر لە "کۆلێژی ئیمپڕیاڵ کۆلێژ لەلەندەن"، دەڵێت "پێدەچێت لە وەرزی زستاندا دوچاری شەپۆلێکی دیکەی ڤایرۆسەکە ببینەوە، زستان کەشێکی لەبارە بۆ  دووبارە بڵاوبوونەوەی پەتاکە، تائێستا دیارنییە دۆخە باش دەبێت یان خراپ".

 

ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن نزیکەی لە5% دانیشتووانی بەریتانیا توشی نەخۆشییەکە بوون، پێشبینیش دەکرێت ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ئەمریکا هەڵکشان بەخۆیەوە ببینێت.

 

هێرشی دووقۆڵی

 پێدەچێت لە وەزری زستان خەڵک دووچاری هێرشێکی دوو قۆڵی ببنەوە (ئەنفلۆنزا و ڤایرۆسی کۆرۆنا)، بەڵام ڕێکارەکانی بەرگرتن لە نەخۆشییەکە لە ماوەی ڕابردوودا، گۆڕانکاری لە ڕەفتاری تەندروستی مرۆڤەکان و پەیڕەوکردنی مەودای سەلامەتی نێوان کەسەکان ئەگەری هەیە ئەو مەترسیانە تاڕادەیەک کەمبکاتەوە.

 

هەرچەندە لە ئێستادا لە وڵاتانی  ئۆستورالیا، چیلی و باشوری ئەفریقیا  کە دەکەونە بەشی باشوری ڕووی زەوی وەرزی زستانە، بەڵام تێبینی ئەوە کراوە توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەنفلۆنزا زۆر بەکەمی تۆماردەکرێت ئەوەش  لەگەڵ وڵاتانی بەشی باکوری ڕووی زەوی ناتوانرێت  بەراورد بکرێت، چونکە بەشێک لە وڵاتانە ڕێکارەکانیان شلکردوەتەوە.

 

جۆلیان هیسکۆکس، توێژەرلە زانکۆی لیڤەرپولی بەریتانی  پێیوایە، "دەبێت هاووڵاتیانی بەشی باکوری ڕووی زەوی خۆیان ئامادە بکەن بۆ شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا".

 

دەشڵێت "دەبێت بۆ بەرگرتن لەبڵاوبوونەوەیەکی دیکە ڤایرۆسەکە ڕێکارەکانی بەرگرتن  لە پەتاکە پەیڕەو بکەین وەک دەس شتن و دانانی مەوادی سەلامەتی لە نێوان مرۆڤەکان".

 

چی دەبێت کاتێک  ڤایرۆسەکان تێکەڵ دەبن؟

 لە ئێستادا زانایان بە تاسەوەن بۆ ئەوەی بزانن لە وەرزی زستاندا چی ڕوودەدات، چونکە پێیانوایە لەو وەرزەدا ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای ئاسایی و ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەونە پێشبڕکێی بۆ تووشکردنی کۆئەندامی هەناسەدانی مرۆڤەکان.

 

توێژینەوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، "بەگوێرەی زانستی نەخۆشییە گوازراوەکان بوونی پەتایەک ڕێگریی لەسەرهەڵدانی پەتایەکی دیکە دەکات بۆنمونە بڵاوبوونەوەی پەتای ئەنفلۆنزای وەرزی لە ئەوروپا  لەساڵی 2009 ڕێگریکرد لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای بەراز لەوڵاتە ئەوروپییەکان".

 

پابلۆ مێرسیا، توێژەر لە زانکۆی" گلاسکۆ" لەو بارەیەوە دەڵێت "توشبوون بە ڤایرۆسێکی دیاریکراو بەرگری لەشی مرۆڤ کارادەکات و ڕێگری دەکات بۆماوەیەک توشی ڤایرۆسێکی دیکە بێت".

 

ئاماژە بەوەشکردووە "ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا بەدەگمەن لەگەڵ ڤایرۆسێکی دیکەدا بەشدار دەبێت، بۆیە پێناچێت ئەنفلۆنزا و ڤایرۆسی کۆرۆنا لەیەک کاتدا مرۆڤەکان تووش بکەن".