گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بەدوو رێگا دەتوانین هاوکارى بەغدا بکەین’’

هەرێم لەسەر فرۆشتنى کارەبا بە عێراق رونکردنەوە دەدات

2020.07.27 - 23:04
هەرێم لەسەر فرۆشتنى کارەبا بە عێراق رونکردنەوە دەدات

ناس کورد-هەڤاڵ فەتاح

 

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە لەلایەن وەزارەتی کارەبای عێراقەوە بە فەرمی داوایان لێکرابێت کارەبایان بۆهەناردە بکەن، دەشڵێت، ئەگەر عێراق سوتەمەنیان بۆدابین بکات پێدەچێت بتوانن هاوکاریان بکەن.

 

ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تەموزی 2020، ئاژانسی فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، ماجد مەهدی حەنتوش وەزیری کارەبای عێراق ڕایگەیاندووە، لەڕۆژانی ئایندەدا زیاتر لە 650 مێگاوات کارەبا بۆ نێو تۆڕی نیشتیمانی عێراق زیاد دەکرێت کە 450 مێگاواتیان لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکەن وبری 200 مێگاواتیش لە وڵاتی تورکیاوە.

 

لەو بارەیەوە ئۆمید ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان  بە ناس کوردی ڕاگەیاند "لە ئێستادا کار لەسەر پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆیی هەرێم دەکەین لە تەزووی کارەبا، ئەو بڕە کارەبایەشی کە پێشترا بە پارێزگای نەینەوا دەدرا بەهۆی قەیرانی دارایی و لە کارکەوتنی ژمارەیەک وێستگەی بەرهەمهێنانی کەرەباوە بڕدراوە".

 

لەبارەی لێداونەکەی وەزیری کارەبا عێراقەوە کە گوایە بەنیازن بڕی 450 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە بکەن. وتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبای هەرێم وتی  "تائێستا بەفەرمی لەلایەن وەزارەتی کارەبای عێراقەوە ئاگادارنەکراوینەتەوە زانیاریشم لەو بارەیەوە نییە".

 

ئۆمید ئەحمەد ئاماژەبەوەشکرد، ئەوان دەتوانن بە دوو ڕێگا هاوکاری حکومەتی عێراق بکەن لە پرسی پێدانی تەزووی کارەبا ئەوەش لە ڕێگەی تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە کە بەستراوە بە تۆڕی کارەبای وڵاتی تورکیاوە لە قەزای زاخۆ  بەتۆڕی کارەبای عێراق، چونکە عێراق تەنها لەڕێگەی تۆڕی کارەبای هەرێمەوە دەتوانێت ئەو بڕە کارەبایە لە تورکیاوە هاوردە بکات.

 

رونیشیکردەوە، رێگەى دووەم ئەوەیە ئەگەر حکومەتی ناوەندی سوتەمەنیان پێبدات دەتوانن وێستگە لە کارکەوتووەکان بخەنە گەڕکە نزیکەی دوو هەزارمێگاواتە توانای بەرهەمهێنانی کارەبایان هەیە.

 

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئەوەشی وت "هەماهەنگی و هاوکاری لە نێوان وەزارەتی کارەبای هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵیدا لە هەموو کاتێکدا هەبووە و شتێکی نامۆ نییە، بەڵام دەبێت ئەوان ئەوە بزانن کە ئێمە لە ئێستادا بە هۆی کەمی تەمویل و نەبوونی سوتەمەنیەوە دەناڵێنن".

 

" لە ئێستادا نزیکەی 11 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەهۆی نەبوونی سوتەمەنییەوە لەکارکەوتوون وکۆی توانای بەرهەمهێنانی ئەو وێستگانە نزیکەی دوو هەزارمێگاواتە، لە ئێستادا سێ هەزارو 300 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنین و خواستی تەواوی هاووڵاتیانی هەرێم لەسەر کارەبا نزیکەی چوارهەزار 500 مێگاواتە و توانای ژێرخانی کەرتی کارەبای هەرێمش شەش هەزارو 700 میگاواتە" وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان وادەڵێت.