گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشمەرگە: چاوەڕوانی بەغدا دەکەین

پێشمەرگە و سوپای عێراق چاوەڕوانى ’’ڕێککەوتنى کۆتایین’’

2020.07.27 - 21:19
پێشمەرگە و سوپای عێراق چاوەڕوانى ’’ڕێککەوتنى کۆتایین’’

ناس کورد-

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق ڕایگەیاند، دەستبەکاربوونى سەنتەرى هەماهەنگى هاوبەش لەگەڵ پێشمەرگە چاوەڕوانى ڕێککەوتنى کۆتاییە، وەزارەتى پێشمەرگەش دەڵێت، چاوەڕوانى بەغدان بۆ دیاریکردنى وادەى کۆبوونەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.

 

پێنجى ئەم مانگە، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى سەر بە وەزارەتى بەرگریی عێراق ڕێککەوتنى لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە ڕاگەیاند بۆ دروستکردنى سەنتەر و خاڵى هاوبەش بۆ کۆنتڕۆڵکردنى سەقامگیریی ئەو ناوچانەى کە هێزەکانى پاسەوانى هەرێم و هێزە فیدراڵییەکانى تێدا نییە، بەڵام تا ئێستا ئەو سەنتەرانە دەستبەکارنەبوون. 

 

تەحسین خەفاجى، وتەبێژى فەرماندەییەکە بە ئاژانسى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، سەنتەرە هاوبەشە لاوەکییەکان لەگەڵ پێشمەرگە لە مەخمور و دیالە و نەینەوا و کەرکوک تا ئێستا دەستبەکارنەبوون و چاوەڕوانى رێککەوتنى کۆتایین بۆ رێکخستنى هەیکەلى تایبەت و دیاریکردنى ئەرکەکانیان.

 

وتیشى، "گفتوگۆکان لەگەڵ پێشمەرگە بەردەوامن لەو بارەیەوە لەسەر ئەو چوار سەنتەرە لاوەکییە، لەگەڵ دوو سەنتەرى سەرەکى لە بەغدا و هەولێر".

 

بڕیارە ئەندامانى سەنتەرەکانى هەماهەنگى هاوبەش پێکبێن لە نوێنەرانى وەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆى عێراق و یەکە سەربازییەکان و وەزارەتى پێشمەرگە.

 

قارەمان کەمال، جێگرى سەرۆکئەرکانى وەزارەتى پێشمەرگە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، چاوەڕوانى بەغدا دەکەن بۆ دیاریکردنى وادەى کۆبوونەوەى داهاتوو لەو بارەیەوە.

 

وتیشى، "گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە لەو بارەیەوە لەگەڵ عێراق بەردەوامە، بەمەبەستى پاراستنى ئەو ناوچانە و چاوەڕوانین بگەین بە رێککەوتنى کۆتایی".