گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بۆ ناس کورد: کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم بە هەڕەمەکی نابێت

2020.07.27 - 20:44
ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بۆ ناس کورد: کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێم بە هەڕەمەکی نابێت

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت، کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانیانەوە بەهەرەمەکی نابێت و پێویستی بەبڕیاری سەرکردایەتی سیاسی عێراقە، دەشڵێت، تائێستا هیچ فەرمانێکیان لەو بارەیەوە لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە پێنەگەیشتووە.

 

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرەەتاى ئەم مانگە بڕیاریدا بە کۆنترۆڵکردنەوەی سەرجەم دەروازە سنورییەکانی عێراق، بە ناردنی سوپا و هێزی دژە تیرۆری عێراقی بۆ دەروازەکان، لە پێناو نەهێشتنی گەندەڵی دەرکردنی لەدەست گروپە میلیشیاکان.

 

تا ئێستا لە کۆی 21 دەروازە لە عێراقدا، 14 دەروازەیان بەتەواوەتی کۆنترۆڵکرد، کە 10 یان وشکانین و چواریان ئاوین، بەڵام تا ئێستا هیچ پلانێک ڕانەگەیەنراوە بۆ کۆنترۆڵکردنى دەروازە سنورییەکانى هەرێم هەرچەندە بەرپرسانى بەغدا جەختدەکەنەوە کە پلانەکە بۆ هەموو خاڵە سنورییەکانە.

 

 تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "هەموو دەروازە سنورییەکان لەچ شوێنێک بێت موڵکی ئەم وڵاتەیە و عێراقییە، ئەگەر پێویست بکات هێز دەنێرین بۆ بەرقەراکردنی سەقامگیری و ئاسایش  تێیاندا".

 

 لەبارەی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان خەفاجی وتی، "ئێمە لایەنێکی سەربازین و جێبەجێکارین و فەرمانەکان لەسەرکردایەتی سیاسی عێراقەوە وردەگرین، ئەگەر هەر فەرمانێک لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە دەربکرێت سەبارەت بەو پرسە ئەوا ئێمە جێبەجێدەکەین".

 

هەرێمى کوردستانیش چوار دەروازەى فەرمى هەیە لەگەڵ هەریەکە لە ئێران و تورکیا کە پێکهاتوون لە حاجى ئۆمەران لەنێوان پارێزگاى هەولێر-ئێران، باشماخ و پەروێزخان کە دەکەونە نێوان پارێزگاى سلێمانى-ئێران و ئیبراهیم خەلیل لەنێوان پارێزگاى دهۆک-تورکیا، لەگەڵ دەیان خاڵى دیکەى نافەرمى کە ڕۆژانە جموجۆڵى بازرگانى گەورە بەخۆیانەوە دەبینن.  



وتەبێژەکەی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق وتیشی، "بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە بە هەڕەمەکی نابێت، ئەو بابەتە پێویستی بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و ڕێککەوتنی حکومەتی ناوەندە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان".

 

داهاتى خاڵە سنورییەکانى هەرێم و گەڕانەوەى بۆ بەغدا و بەڕێوەبردنى دەروازەکان خواستێکى بەردەوامى حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق بووە لەدواى ساڵى 2003ەوە تا ئێستا، بەڵام هەرێم تا ئێستا بەوە رازى نەبووە.  

  

بەڵام بۆ یەکەمجار هەرێم لە دانوستانەکانى ئەمدواییەى لەگەڵ بەغدا لەبارەى نەوت و بودجەوە کە تائێستا بە ئەنجام نەگەیشتوون، ڕازى بوو بە ڕادەستکردنى نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان بە بەغدا، بەڵام خواستى بەغدا لەوە زیاترە.  

 

بەپێی راپۆرتێکى پێشووى ناس کورد، لە دوایین سەردانى شاندى هەرێم بۆ بەغدا لە مانگى ڕابردوودا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکومەتى عێراق، بەرپرسانى بەغدا بەراشکاوى پێیان وتوون کە دەیانەوێت "بە هێز" کۆنترۆڵى دەروازە سنورییەکانى هەرێم بکەن هاوشێوەى دەروازەکانى دیکەى عێراق، بەڵام شاندى هەرێم ئەوەى ڕەتکردووەتەوە.  

 

سەرچاوەیەکى حکومى ئاگادار جەختى لەو داواکارییەى بەغدا کردەوە و وتى، ئەوە کێشەیەکى ڕاستەقینەى بەردەم بەئەنجام گەیشتنى دانوستانەکانە، بەڵام ڕاشیگەیاند کە هەرێم "بەتوندى ئەوە ڕەتدەکاتەوە".  

  

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، هەرچەندە لەسەر هەندێک بابەتی بودجە و نەوت ڕێککەوتوون، بەڵام بابەتی ناردنی هێز بۆ دەروازە سنورییەکان دانوستانەکانی پەک خستووە.  

 

لەماوەی ڕابردوودا، بەشێک لە لایەنە عێراقی و چەند پەرلەمانتارێکى کورد داوایانکرد بەغدا  دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانیش کۆنترۆڵ بکات.

 

هەردوو پەرلەمانتاری كورد غالب محەمەد و سەركەوت شەمسەدین، لە نوسراوێكی هاوبەشدا پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ هەوڵەکانی کازمی نیشاندا و داویانکرد "ئەو هەنگاوانە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، بەشێوەیەك بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ حكومەتی هەرێم و بەتایبەتی حكومەتە خۆجێییەكانی پارێزگاكان بەمەرجی ئەوەی سەرپەرشتی و چاودێری داهاتی ئەو دەروازە سنورییانە لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە بێت".

 

لەرووى دەستورییەوە بەڕێوەبردنى خاڵە سنورییەکان لەدەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵیدایە، بەڵام دەبێت نیوەى داهاتى گومرگەکان بۆ هەرێم یان ئەو پارێزگایانە بگەڕێنرێتەوە کە دەروازەکەى لێیە.  

 

دەسەڵاتدارانى بەغدا جەخت دەکەنەوە کە هەڵمەتەکەی ئێستایان بۆ "گەڕانەوەی یاسا و شکۆى دەوڵەتە بۆ سەرجەم خاڵە سنورییەکان"، بەو پێیەى بەڕێوەبردنى ئەو خاڵە سنورییانە دەکەوێتە چوارچێوەى دەسەڵاتەکانى حکومەتى ناوەندییەوە.  

  

دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان بەردەوام جەختیانکردووەتەوە کە لەسەر بنەماى دەستور ئامادەن کێشەى خاڵە سنورییەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەن، بەڵام چارەسەرى سەربازى و ناردنى هێز رەتدەکەنەوە.