گه‌ڕان

Shadow Shadow

32 کیلۆمەتری جادە شکستی 29 ساڵ لە خۆیدا چڕ دەکاتەوە

2020.07.27 - 18:06

ئالان م. نوری

ناس بیروڕا - ئالان م نوری

رۆژی 21 ی تەمموز دانیشتوانی گوندی شێخ رەش لە دەرەوەی شاری سلێمانی رێگرییان لە پرۆژەی دروستکردنی جادەی 100 مەتری گرت و نەیانهێشت کارەکانی بەردەوام بێت. بە گوتەی گوندنیشینان، نزیکەی 80 دۆنمی موڵکی تاپۆ و گرێبەستی کشتوکاڵییان بەر ئەو جادەیە دەکەوێت و تا ئێستە حکومەتی هەرێم هیچ جۆرە قەرەبوویەکی ماددی یان زەویی کشتوکاڵی یان زەویی ناو سنووری شارەوانیی سلێمانییان لە بری ئەو زەوییانە، بەپێی ئەو رێوشوێنانەی کە یاساکانی "کوژاندنەوەی" زەوی وزار دیاریی کردوون، پێنەداون.

 

پرۆژەی جادەی 100 مەتری لە شاری سلێمانی مێژووی وێنەکێشانی دەگەڕیتەوە بۆ زیاد لە 10 ساڵ لەمەوبەر. لە نوێترین رێڕەوی پێشنیارکراویدا نزیکەی 145 کیلۆمەتر دەبێت. لە ساڵی 2013 ەوە بە رەسمی قۆناغی یەکەمی یەکلا بۆتەوە و بریتییە لەو بەشەی جادەکە کە تاسڵوجە لەڕێی  دێ کۆن و قەرەدۆغەوە بە بازگەی عەربەتەوە دەبەستێت و درێژاییەکەی 32 کیلۆمەترە و دەبێت پانتاییەکەی بە خۆی و ئەملاو ئەولای جادەکەوە 130-200 مەتر بێت. بەو پێیە نزیکەی 2500 دۆنم زەویی جۆری جیاواز بەر ئەم جادەیە دەکەون. تێچووی ئەم بەشەی جادەکە بە 50 ملیار دینار، واتە نزیکەی 42 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە.

 

دوو بەشەکەی دیکەی پڕۆژەکە بڕی نزیکەی 420 ملیار دیناری تەنها لەسەر کاغەز بۆ تەرخان کراوە و دەکاتە نزیکەی 350 ملیۆن دۆلار. بەڵام هێشتا یەکلا نەبوونەتەوە. لە هەمان کاتی ئامادەکردنی ماستەرپلانی ئەو جادەیەدا دوو پرۆژەی گەورە رێگەیان پێدرا کە هەردووکیان، لە پاڵ چەند پرۆژەیەکی نیشتەجێبوونی بچووکتردا، ئێستە بوونەتە بەربەست لە بەردەم ئەنجامدانی تەواوی نەخشەی جادە 100 مەترییەکە؛ یەکێکیان پرۆژەی چاڤی لاندی گەشتوگوزاییە کە پرۆژەیەکی قازانج ویستی تایبەتە و ئەوی دییان پرۆژەی هەواری شارە کە پرۆژەیەکی گشتیی قازانج نەویستە. بەهۆی ئەم دوو پرۆژەیەوە، گەیاندنەوەی بازگەی عەربەت بە تاسلووجە لە بەشی باکووری جادەکە تا ئێستە یەکلا نەبۆتەوە و گەر چاڤی لاند و هەواری شار بپارێزرێن، ئەوا ئەو جادەیە دەبێت بە ناوچەیەکی شاخاویدا گەڵبگەڕێت کە تێچووی دروستکردنی بە دوو ئەوەندەی بودجەی خەمڵێنراو بۆی مەزەدە دەکرێت. واتە نزیکەی 700 ملیۆن دۆلار.

 

بەشە یەکلا بووەکەی جادەی 100 مەتری، لە ساڵی 2013 ەوە بەردی بناغەی بۆ دانرا و گرێبەستی بۆ کرا و لەبەر "دیار نەمان"ی پارەی تەرخانکراو بۆ پێشەکیی، کۆمپانیا خاوەن گرێبەستە تورکییەکان بەجێیان هێشت. 

 

پاش چەندین ساڵ، پێدەچێت مشتومڕ لەسەر دابین کردنی پارە بۆ پرۆژەکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە کۆتایی هاتووە و حکومەتی هەرێم چۆتە ژێر باری ئەنجامدانی پرۆژەکە. هەر لە کۆتایی ساڵی رابوردووشەوە گرێبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە درا بە گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوان، کە قۆرغکاری سەرکیی بەشی هەرەزۆری چالاکییە ئابوورییەکانی پارێزگای سلێمانیە. 

 

سەرەڕای قەیرانی قووڵی دابەزینی نرخی نەوت، لە ئەنجامی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا، لە سەرەتای تەمموزدا کۆمپانیای قەیوان دەستی بە کار کرد. لەگەڵ دەست بەکاربوونیشیاندا، کێشەی موڵکایەتی زەوی وزاری بەر جادە کەوتوو و مێکانیزمی قەرەبووکردنیان سەریهەڵدایەوە. 

 

لە سەرەتای دەسەڵاتی ئیداریی بزوتنەوەی کوردایەتی لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا لە دوای راپەڕینەکانی ساڵی 1991 ەوە سێ کارەساتی ئیداری مێژووی، ئیدارەکەی گەیاند بەم قەیرانی حوکمڕانییە هەمەلایەنەی ئێستە هەیەتی؛

 

کارەساتی یەکەم بەتاڵان بردنی بەرفراوانی ئامێرە ئەندازیارییە بەرهەمهێنەرەکان و هەڵوەشاندنەوەی کارگە و هێڵی کارەبا و پەیوەندییەکانی بن ئەرز و ئاودیوکردنیان بوو بۆ دەرەوەی وڵات، تەنانەت بەربەستی ئاوی (بێخمە)، ئەو پرۆژە ستراتیژییە گەوەرەیەی کوردستانیش کە لە تەواوکردندا بوو، ئەویش تاڵانکرا وهەرچی مەکینە و ماشێنی هەیە ئاودیوی ئێران کران. واتە هەر لە سەرەتاوە، ئەم بزوتنەوەیە رێگەی دا بە چەک بەدەست، گەر حیزبی ناو بزوتنەوەکەی لە پشت بێت، موڵک و ماڵی گشتی، بێ چاو توکاندن تاڵان بکات. ئەمە ئاوێکی رشت لە کوردستاندا، کە تا ئەمڕۆ شێوازی ژیان و بژێوی پەیداکردنی خەڵکی بەو جۆرە لە قاڵب داوە. ئەوەی بۆ چەک بەدەستی دەست رۆیشتوو دەشێت، بۆ هاووڵاتی هەرگیزاو هەرگیز ناشێت.

 

کارەساتی دووەمیان، هەرچەندە لە رووی کاتەوە سێیەمە، بریتی بوو لە هەڕاج کردنی بنەمای پێشکەوتنی ئابووریی ئەم نەوەیە و نەوەکانی دوارۆژی میللەت کە کەرتی نەوت و غازە. هەر لە تەخشان و پەخشان کردنی بیری نەوت بۆ نزیک بوونەوە لە خەڵکانی دەست رۆیشتووی ناو ئیدارەی ئەمریکیی راستەوخۆی عێراق لە دوای رووخانی سەددام و داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە تا دەگاتە بەنایاسایی گرێبەستکردن لەسەر بیرە نەوتی حازر و پاشان گرێبەستی دژ بە بەرژەوەندیی نیشتمانی و ...تاد کە بوونە هۆی ئەوەی ئێستە لەبەر باری قورسی قەرز وەک ئەوە واین نەوت بکڕین نەک بیفرۆشین. شتێکی دیکە لە مامڵەی دەسەڵاتی لە یاسا بێباک و یاخیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کەرتی نەوت دەرکەوت، ئەویش نەگەڕانەوەی وەزاەتی نەوتە بۆ یاسا و پسپۆڕ و داتاکانی هەردوو وەزارەتی دارایی و کشتوکاڵ بۆ دیاریکردنی چۆنێتیی "کوژاندنەوە"ی یاسایی مافەکانی موڵکایەتی و گرێبەستی کشتوکاڵی لەسەر ئەو زەوییانەی کە وەزارەتی نەوت گرێبەستی نەوت دەرهێنانی لەسەر ئەنجامداون. کاربەدەستانی ئەو وەزارەتە بەبێ گەڕانەوە بۆ تاوتوێ کردنی مافە یاساییەکان، قەرەبووی ماددیان داوە بە هەر کەسێک کە بەشی ئەوەندە دەست رۆیشتوو بووە بڕیاری داوە کە مافی، یاسایی یان نا یاسایی بەسەر هەر پارچە زەوییەکەوە هەبێت لەو کێڵگە نەوتییانەدا. لەم پرۆسەیەشدا، مافی یاسایی نا، بەڵکو توانای گێچەڵ نانەوە بۆ پرۆژەکان بنەمای "ماف"ی قەرەبوو کردنەوە بوون. پسپۆڕانی وەزارەتی پیشەسازی گەواهی ئەو راستییە دەدەن کە هەموو پرۆژە پیشەسازییە ستراتیژییەکانی کۆن و ئەوانەش دوای دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی دروستکراون، هەموویان بەدەست چەک بەدەستی "خاوەن ماف"ەوە دەناڵێنن. وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، کە بۆخۆی دەوڵەتێکە لەناو هەرێمێکدا لەناو دەوڵەتێکدا، ئەم شێوازی "ماف" دیاریکردن و قەرەبوو کردنەوەی کرد بە جێگرەوەی یاسا لە کوردستاندا.

 

کارەساتی سێیەم هەڵوێستی بزوتنەوەی کوردایەتیی باڵادەست بوو لە 1991 ەوە لە بواری چاکسازیی کشتوکاڵی و یاساکانی زەوی وزاردا. هەر لە سەرەتای دەسەڵاتیانەوە، باڵادەستانی ئەم بزوتنەوەیە رایانگەیاند کە لە ناوچە سنوورییەکانی هەموو هەرێمی کوردستاندا پەیڕەوکردنی یاسای باڵادەستی ئەوکات کە یاسای 90 ی ساڵی 1975 بوو پەک دەخەن و "نەریتی باوی ناوچەکان" دەسەپێنن! ئەمەش، بۆ نموونە، لە پارێزگایەکی وەکو سلێمانی، بەپێی ئامارەکانی بەڕیوبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی، زیاد لە 51٪ ی هەموو زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو پارێزگایە دەگرێتەوە. لێرەشەوە جارێکی دی، پەیوەندییە ئابوورییەکان لە دەرەوەی یاسا، درانە دەست چەکداری دەست ڕۆیشتوو.

 

لە سلێمانیدا شارێکی ئێستە گەورەی وەکو سیتەک، بەشی هەرە زۆری لەسەر بنەمای پێشێلکردنی یاسا و دەست ڕۆیشتوویی لە دەرەوەی یاسا دروست کراوە. لە باشووری شاریشدا لە بەکرەجۆوە تا نزیکی هەزارمێرد بە هەمان شێوە لە دەرەوەی یاسا کراوە بە باخ و یەکەی نیشتەجێ بوون و بەشی هەرەزۆری چەک بەدەستی دەست رۆیشتوو فرۆشتوونی بە چەک بەدەستی دست ڕۆیشتووی دیکە. دوای ئەوانیش ئینجا خەڵک بە گشتی وێراویانە لە پاڵ ئەماندا ئەوانیش پێشێلکاری بکەن، چونکە پێیان وابووە کە تا چەک بە دەستی دست ڕۆیشتوو لەو ناوە زەویی لەو جۆرەی هەبێت، دەسەڵاتی یاسا بە کەسیان ناگات.

 

بەشێکی زۆر لە تەجاوزەکانی خوارووی سلێمانی هەر وەک چۆن لە سیتەک و گەلێک شوێنی دیکەدا روویداوە، بە "ئیجازە"ی یەکە ئیدارییەکان لە دەرەوەی یاسا کراون و پێشێلکاران ئێستە بوون بە "خاوەن ماف". دەنگۆی ئەوە هەیە کە لەو زەوییانەی کە بەر جادە 100 مەترییەکە دەکەون، تەنانەت چەند پاڵاوگەیەکی نەوتی نایاسایی هەن و ئەوانیش، ئێستە بوونەتە خاوەن ماف و دەتوانن گێچەڵ بە پرۆژەکە بکەن.

 

گوندنشینانی شێخ رەش دەڵێن ئەوان جگە لە گرێبەستی کشتوکاڵی، خاوەنی تاپۆشن. کێشەی ئەوان، گەر وا بێت نەدەبوو بگاتە رادەی رێگرتنیان لە پرۆژەیەکی ستراتیژی تەنها بۆ ئەوەی گوێیان لێ بگیرێت. ئێستەش کێشەی ئەوان رەنگە ئاسانترین کێشەکان بێت دووچاری ئەم پرۆژەیە دەبێتەوە. بەڵام ئەوەی ناڕەزایی ئەم گوندنشینانە پەردەی لەسەر راماڵی، دروستکراوی نزیکەی 30 ساڵی کارەساتی ئیدارەی ئەم هەرێمەیە و دەستی خستۆتە بینەقاقای کۆمەڵگاکەمان. چارەسەریشی بەوانەی 30 ساڵە لێیان بەرپرسیارن و دەیپارێزن، بەوان ناکرێت.