گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سبەینێ دانیشتنی کۆتاییە لەسەر کەیسەکە

دادگاى سلێمانى لەبارەى کەیسى سێوانەوە هۆشداری دەدات: ناکەوینە ژێر هیچ فشارێکەوە

2020.07.27 - 17:58
App store icon Play store icon Play store icon
دادگاى سلێمانى لەبارەى کەیسى سێوانەوە هۆشداری دەدات: ناکەوینە ژێر هیچ فشارێکەوە

ناس کورد-

دادگاى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، هیچ لایەنێکى حکومى جێبەجێکار مافى ئەوەى نییە پێش بڕیارى دادگا بکەوێت لەبارەى کەیسى سوتانى سێوان قادر و منداڵەکانییەوە، هیچ لایەنێکیش ناتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ هەر بڕیارێکى دادگا بکات لەو بارەیەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بڕیارە سبەینێ دادگاى سلێمانى دانیشتنى کۆتایی لەسەر کەیسەکە ئەنجام بدات، هەفتەى ڕابردووش لیژنەى وەزارەتى ناوخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە ڕایگەیاند، بەڵگەکان دەریدەخەن کە تۆمەتبارى رووداوەکە "تاوانبارى" دۆسیەکەیە.

 

عومەر ئەحمەد، وتەبێژى دادگاى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "کەیسەکە لە قۆناغى کۆتاییدایە، ئەوەش ماناى وایە لە ماوەیەکى کورتى داهاتوودا یەکلادەکرێتەوە، دادگا لەسەر بنەماى بەڵگەکان بڕیارى خۆى دەدات لەبارەى کەیسەکەوە".

 

وتیشى، "جگە لە دادگا هیچ لایەنێکى حکومى جێبەجێکار مافى ئەوەى نییە پێش بڕیارى دادگا بکەوێت، دادگا ناکەوێتە ژێر هیچ فشارێکەوە و تەنها لەسەر بنەماى بەڵگەکان بڕیار دەدات".

 

بەپێی ئەنجامى لیژنەى وەزارەتى ناوخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسەکە کە رۆژى 22 ى ئەم مانگە ئاشکراکرا، هەموو بەڵگەکان گەواهیدەرن بۆ تاوانبارکردنی تۆمەتبار، بەڵام دادگا یەکلایی دەکاتەوە کە بە چى تۆمەتبار دەکرێت بە هاندان یان کوشتن یان شتى دیکە.

 

لەدۆسیەکەدا پەنجەى تۆمەت ئاڕاستەى هاوسەرى سێوان و کەسێکى دیکە کرابوو، بەڵام دادگا پێشتر بەبریارێک ئەو کەسەى دیکەى ئازادکرد و لە ئێستادا تەنها هاوسەرى سێوان وەک تۆمەتبار هێڵراوەتەوە.  

 

حاکم عومەر وتى، "نابێت هیچ لایەنێک ڕێگە بەخۆى بدات پێش بڕیارى دادگا بکەوێت، هەموو لایەنێکیش ئاگاداردەکەینەوە کە کەس بۆى نییە بڕیارى دادگا هەڵبسەنگێنێت، جگە لە دەسەڵاتى بەرزتر کە دادگاى پێداچونەوەیە".

 

وتیشى، "ئەگەر دادگا بەپێچەوانەى قسەى ئەو لایەنانەوە بڕیاریدا ئەوکات چى وەڵامى ڕاى گشتى دەدەنەوە، دادگا لە بڕیارداندا سەربەخۆیە و ناچێتە ژێر فشارى ڕاى گشتى و هیچ لایەنێکى جیبەجێکارەوە".

 

ڕۆژى 16ی کانونى یەکەمى 2018 سێوان قادر و سێ منداڵى لەماڵى خۆیان لە چەمچەماڵ سوتان و منداڵەکان گیانیان لەدەستدا، سێوانیش دواى چەند رۆژێک مانەوەى لە نەخۆشخانە گیانى لەدەستدا.