ناس کورد-
لیژنەى باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا چەند بڕیارێکی تایبەت بە ڕۆژانی جەژنی قوربان دەرکرد و دەڵێت، سەردانکردن و تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن و کۆبوونەوە و قەرەباڵغی قەدەغەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هەر بەپێی بڕیارەکان کە ئەمڕۆ دووشەممە، 27ی تەموزی 2020، دەرچووە، چوونە سەرقەبران و پرسەدانان و نۆجەژن قەدەغەیە، هەموو ئاهەنگ و بۆنە و یادێکی خۆشیی و ناخۆشیی کە تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن دروست بکات قەدەغەیە.
هەروەها "قوربانیکردن دەبێت لە قەسابخانەکاندا بکرێن و بۆ ئەم مەبەستە قەسابخانەکان لە ڕۆژانی جەژندا لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سلێمانیدا بە مەرجە تەندروستیەکان کراوە دەبن، قوربانیکردن لە شەقام و کۆڵان و گەڕەک و شوێنە گشتییەکاندا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە."
ئاماژەى بەوەشکردووە، "هاتنی گەشتیار بۆ سنوری کارگێڕی پارێزگای سلێمانی لە پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە قەدەغەیە."