گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە پەرلەمان سۆران عومەر پەیامێک بڵاودەکاتەوە

2020.07.27 - 13:29
دوای دەستلەکارکێشانەوەی لە پەرلەمان سۆران عومەر پەیامێک بڵاودەکاتەوە

ناس کورد-

دەستلەکارکێشانەوەی سۆران عومەر لە ئەندامێتی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 55 پەرلەمانتار پەسەندکرا و لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، دوای لێبوردن لە خەڵک دەکات و تا ئێرە لەو ئەرکە بووە، دەشڵێت، تا بمێنێت لەبەرەی خەڵک و ستەملێکراوان دەژی.

 

دوای ئەوەی سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی کۆمەڵ دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تەموزی 2020، داواکەی خرایە دەنگدانەوە و بەدەنگی 55 پەرلەمانتار دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵکرا.

 

سۆران عومەر لەوبارەیەوە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پەیامێکی ئاڕاستەی خەڵی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "سوپاس بۆ متمانەتان لە دوو خولی پەرلەمانی، تا ئێرە لەو ئەرکەبووم، ئەوەی توانیبێتم کردومە، ئەوەی نەمکردبێ لەتوانامدا نەبووە، منەتم بە مەترسیەکان نەبوە، بمبورن ئەگەر وەک خۆی نەمتوانیبێ نوێنەرایەتیتان بکەم یان لەھەڵوێستێک نەمپێکابێ."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: " سوپاس بۆ پشتیوانیتان لەھەموو وێستگەکان، ھەمیشە قەرزاری لوتف و پێزانینەکانتانم، تا بمێنم لەبەرەی خەڵک و ستەملێکراوم دژی ستەم و نادادی."

 

سۆران عومەر ئەوەشی نوسیوە: " ژیان ھەڵوێستە، پلەو پۆست کاتیەو گەر بۆ خزمەتکردنی خەڵک نەبێ پێی ناشیرین دەبی، سوپاسی خودا دەکەم گەر توانیبێتم لەئەرکی پەرلەمانیم جێی ڕەزامەندی پەروەردگارو دەنگدەران بوبم."

 

دەستلەکارکێشانەوەی ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەندێک زانیاری لەسەر ئەوەی کە گوایە "سەرۆکی حکومەتی هەرێم خاوەنی بانک و کۆمپانیایە و بۆ قازانجی خۆی بەکاریاندەهێنێت" لە پەرلەمانی کوردستان پارێزبەندی لەسەر هەڵگیرا و دواتریش لەلایەن دادگای هەولێرەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە.