گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’ئەگەرى هەيە دەنگدەران ڕوبەڕوى هەڕەشە ببنەوە’

ساڵح موتڵەگ ڕەخنە لە كازمى دەگرێت: ميليشياكان رێگر دەبن لە هەڵبژاردنى پێشوەخت

2020.07.27 - 08:41
ساڵح موتڵەگ ڕەخنە لە كازمى دەگرێت: ميليشياكان رێگر دەبن لە هەڵبژاردنى پێشوەخت

ناس کورد- 

ساڵح موتڵەگ، سەرۆكى بەرەى  ديالۆگى نيشتمانى ڕایگەیاند، خراپى پلاندانان كاريگەرى لەسەر هەوڵەكانى مستەفا كازمى سەرۆكوەزيرانى عێراق هەبوو بۆ كۆنترۆڵكردنى ميليشياكان و چەك بەدەست دەوڵەتەوە.

 

ئازادكردنى ئەو گروپەى سەر بە حەشدى شەعبى كە لەلايەن ڕاگەياندنەكانەوە پێيان دەوترێت "شانەى كاتيۆشا" و  لەماوەى دوايدا بەتۆمەتى هێرشە موشەكيەكان بۆ سەر ناوچەى سەوز و فڕۆكەخانە و سەربازگەكان دەستگيركران  بووە هۆى بێزاربون و توڕەبونى هاووڵاتيان، چونكە ئازادكردنيان بەهۆى فشارى گروپە چەكداريەكانەوە بوو كە بۆ ئەوەش لەناو شارى بەغدا نمايشێكى سەربازيان ئەنجامدا.

 

ساڵح موتڵەگ ئاماژەى بەوە داوە، ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخت قورسە ئەوەش بەهۆى بڵاوبونەوەى گروپە چەكدارەكان و چەكەوە، ئەگەرى هەيە دەنگدەران ڕوبەڕوى هەڕەشە ببنەوە بۆيە لەوانەيە رێژەى بەشداريكردن كەم بێت، ئەوەش لە هەڵبژادنى پێشودا ڕويدا.

 

سەرۆكى ديالۆگى نيشتمانى ڕەخنەى ئەوەش لە كازمى دەگرێت كە ساڵانە 20 مليار دۆلار دەخانە دەست ئێرانەوە ئەوەش لەڕێگەى بازرگانى تاكلايەنە، لەو بڕوایەشدایە "قسەكردن لەبارەى دانەوەى قەرز بەو شێوەيە كارێكى هەڵەيە و زيان بە پيشەسازى كشتوكاڵى ناوخۆيى دەگەيەنێت، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى عێراق پارەى نەختينەى پێويستى لەبەردەستدا نييە".

 

مستەفا كازمى لە سەردانەكەى ئەم دواييەيدا بۆ كۆمارى ئيسلامى ئێران ستايشى ڕۆڵى ئەو وڵاتەى كرد لە شەڕى دژى داعش و باسى لەوەكردبوو "عێراق لە بارودۆخە سەختەكاندا لەگەڵ ئێران دەبێت"، هەروەها دەسەڵاتدارانى تارانيش پشتگيرى خۆيان بۆ عێراق دەربڕى بوو لە بارودۆخە سەختەكاندا.

 

موتڵەگ داواش لە كازمى دەكات، خۆپيشاندەران و شەقام ڕازى بكات پێش لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندى كوتلە سياسيەكانى پەرلەمان، ئەوەش لەرێگەى جێبەجێكردنى بەڵێنەكانى و لێپرسينەوە لە بكوژى خۆپيشاندەران و ئاشكراكردنى چارەنوسى بێسەروشوێنەكان و سنوردانان بۆ بڵاوبونەوەى چەك هەروەها گەڕانەوەى ئاوارەكان بۆ ناوچە ئازادكراوەكانيان و بنيادنانەوەيان، بەتايبەتى كە تائێستا هيچ هەنگاوێك لەو دۆسیانەدا نەگيراوەتەبەر لەسەر ئەرزى واقيع.

 

كازمى لە وتارى ڕاسپاردنيدا باسى لەوەكرد، بكوژى خۆپيشاندەران بە سزاى خۆيان دەگەيەنێت و رێگەيان نادات بە ئارامى بخەون، هەروەها لە چەندين بۆنەى تريشدا بەڵێنى سزادانيانى دابوو.

 

ساڵح موتڵەگ كازمى بەوەش تۆمەتبار دەكات كە يەكسانى و باڵانس لە پۆستە حكوميەكاندا لەبەرچاو ناگرێت و دەڵێت "پێكهاتەى سونى هيچ پۆستێكيان لە دامەزراوە ئەمنيەكاندا نەدراوەتێ و پۆستەكان دراون بە پێكهاتەيەكى دياريكراو، هەروەها هيچ دەرفەتێكيشيان نەدراوەتێ لە بەشداريكردن لە سياسەتى ئابورى دەوڵەت.

 

پێكهاتەى سونە پۆستى وەزيرى بەرگرى هەيە، بەڵام لە چەندين بۆنەدا داوايان كردوە لە دەزگا ئەمنيە گرنگەكانى وەك ئاسايشى نيشتمانى و هەواڵگرى پۆستيان بدرێتێ.

 

سەرۆكى بەرەى ديالۆگى نيشتمانى ئەوەشى ڕونكردوەتەوە "كازمى بە ئەنقەست پۆستە گرنگەكانى بەپێى قەبارەى فراکسیۆنەکانى پەرلەمان دابەش كردوە، هەروەها دراون بەو كەسانەى كە پشتگيرى كەسە باڵادەستەكانيان هەيە"، جەختیشى كردەوە "بەڵام سەرەڕاى ئەوەش سوننە بەردەوام دەبێت لە پشتگيريكردنى كازمى".

 

مستەفا كازمى كە شەشەم سەرۆكوەزيرانى عێراقە لەدواى ساڵى 2003 و دواى دەستپێكردنى خۆپيشاندان و ناڕەزايى هاووڵاتيانى عێراق كە بووە هۆى لابردنى سەرۆكوەزيرانى پێشوو ئەو پۆستەى وەرگرت، دواى وەرگرتنى پۆستەكەشى بەڵێنى هەڵبژاردنى پێشوەخت و ڕوبەڕوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا و كۆنترۆڵكردنى چەك لەدەستى دەوڵەت و دانانى پرۆژە ياسايەكى بودجەى نمونەيى و دۆزينەوەى بكوژرانى خۆپيشاندەران و سزادانيان و چەندين بەڵێنى تریدا.