گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

10 هەزار کەس حەج دەکەن

سعودیە سەرکەوتوو دەبێت لە تێپەڕاندنی حەجی ئەمساڵ بەبێ کارەساتی تەندروستی؟

2020.07.26 - 13:28
سعودیە سەرکەوتوو دەبێت لە تێپەڕاندنی حەجی ئەمساڵ بەبێ کارەساتی تەندروستی؟

ناس کورد-

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بە پەیڕەوکردنی کۆمەڵێک ڕێکار و مەرجی توند بۆ بەرگرتن لە پەتای کۆرۆنا، ئەمساڵ سعودیە ئامادەکاری بە ئەنجامدانی فەریزی حەج دەکات و دەڵێت، بڕیار بوو ئەمساڵ تەنها هەزار کەسی ناوخۆی وڵاتەکەى ئەو فەریزەیە ئەنجام بدەن، بەڵام لە ئێستادا ژمارەکەی بەرزبووەتەوە.

 

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، "سعودیە لە ئێستادا لە ئاڵنگارییەکی سەختدایە لە پێناو ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان ئەو بەرپرسیارێتییە ئاینیەی کە لە ئەستۆدایەتی و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا".

 

ئاماژە بەوەکراوە، "وەرزی حەجی ڕابردوو دوو ملیۆن و 500 هەزار حاجی فەریزەی حەجیان ئەنجامداوە، بەڵام بۆ حەجی ئەمساڵ سعودیە تەنها ڕێگەی بە 10 هەزار حاجی لە 160 وڵاتە داوە بۆ ئەوەی ئەو ڕێوڕەسمە ئاینییە ئەنجامبدەن".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە فەرماندەی هێزەکانی پاراستی ئاسایشی حەج لە سعودیە ڕایگەیاندوە: "لەبەر بەرژەوندی و تەندروستی حاجیان جوڵەکانیان سنوردارکراوە و هەر حاجییەکیش پابەندی ڕێنماییەکان نەبێت بەبڕی 10 هەزار ڕیاڵی سعودی سزا دەدرێت".

 

گورزێکی کەمەرشکێن لە ئابوری!

بەهۆی ڕێکارەکانی بەرگرتن لەپەتای کۆرۆنا ئابوری سعودیە دوچاری گورزێکی کەمەرشکێن بووەتەوە، بەگوێرەی داتاکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکرێت ئابوری ئەو وڵاتە بەڕێژەی  6.8٪ ئەمساڵ دوچاری داڕوخان ببێتەوە.

 

مەرجەکانی حەجکردنی ئەمساڵ

سەرباری ئەوەی ژمارەی حاجیان بۆ ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەئاستێکی زۆر کەمی کردووە، دەسەڵاتی تەندروستی ئەو وڵاتە چەندین مەرجی داناوە بۆ ئەنجامدانی فەریزی حەج وەک (پاراستنی مەودای سەلامەتی نێوان حاجییەکان، هەر حاجییەک دەبێت بەرماڵی تایبەت بەخۆی بەکاربهێنێت، پۆشینی دەمامک، قەدەغەکردنی دەستدان لەدیواری کەعبە، پاکژەکردنی ئەو بەردانەی کە لە ڕێوڕەسمی ڕەجمی شیتاندا بە کاردەهێنرێت و پشکنینی بەردەوام پلەی گەرمی جەستەی حاجیان)

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "تەنها ڕێگە بەو کەسانە دراوە فەریزی حەج ئەنجامبدەن کە تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 50 ساڵیدایە کە بەشێکی زۆریان هاوڵاتی سعودییەن و ئەوانی تر هاوڵاتی وڵاتانی دیکەن کە لە سعودیە نیشتەجێن، ئەوانەی کە یەکەم جارە ئەو فەرێزەی ئەنجامدەدەن لەگەڵ بەشێک لە کارمەندانی تەندروستی و ئەوانەی لە پەتاکە چاکبووەنەتەوە".

 

ژمارەی ئەو کەسانەی لە سعودیە گیرۆدەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون زیاتر لە 260 هەزار کەسە و زیاتر دوو هەزار 600 کەسیش بە ڤایرۆسەکە مردون.