گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خانەقینیش دەگرێتەوە

هێزە عێراقییەکان لە سێ قۆڵەوە هێرشیان بۆ سەر داعش لە دیالە دەستپێکرد

2020.07.26 - 11:27
هێزە عێراقییەکان لە سێ قۆڵەوە هێرشیان بۆ سەر داعش لە دیالە دەستپێکرد

ناس کورد-

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانانی عێراق (ابطال العراق) بۆ ڕاوەدونانی چەکدارانی داعش لە پارێزگای دیالە و قەزای خانەقین لە سێ قۆڵەوە دەستی پێکردەوە.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ی تەمموزی 2020، عەبدول ئەمیر شەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە ڕاگەیاندراویکدا ڕایگەیاند: "لە قۆناغی چوارەمی ئۆپراسیۆنەکەدا هێزە هاوبەشەکانی بەشداربووی پرۆسەکە ئامانجیان ئەوە بووە  چەکدارانی داعش لەو ناوچانە قەڵاچۆ بکەن و زەمینەسازی بۆ گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بکەن".  

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئۆپراسیۆنی پاڵەوانانی عێراق لە پارێزگای دیالە لە 11ی تەموز دەستی پێکردووە، لە بەشی یەکەمی ئۆپراسیۆنەکەدا کە تا 13ی ئەم مانگە بەردەوام بوو، توانرا دەیان حەشارگەی داعش لە ناوچەکانی پارێزگای دیالە خاپور بکات".

 

شەمەری ئەوەشی خستوەتەڕوو: "بەشی دووەم لە قۆناغی چوارەمی ئۆپراسیۆنەکەدا لە 15ی تەموز تا 23ی تەموز بەردەوام بووە و توانراوە هەموو کەلێنە ئەمنییەکان لەو  ناوچانەدا چارەسەربکرێن و زەمینەسازی بکرێت بۆ گەڕانەوەی خەڵکی ئەو گوندانەی کە دەکەونە سنوری ئۆپراسیۆنەکەوە".

 

جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕونیکردووەتەوە: "بەشی سێیەمی قۆناغی چوارەمی ئۆپراسیۆنەکە ئەمڕۆ (یەکشەممە 26ی تەموز) لە پارێزگای دیالە دەستی پێکردووە لە سێ قۆڵەوە".

 

قۆڵی یەکەم لەلایەن سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای دیالەوە ئەنجامدەرێت.

قۆڵی دووەم لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی پارێزگای دیالە و هێزەکانی پەرچدانەوەی خێرا ئەنجامدەدرێت.

 

 پۆڵی سێیەم لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە ئەنجامدەدرێت.

 

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕاشیگەیاندووە، ئامانج لە هەڵمەتەکە بنبڕکردنی شانە نوستووەکانی داعشە لەو ناوچانە و ئامادەکاری بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانە بۆ ناوچەکانی خۆیان بە تایبەتی لە ناوچەکانی (مخێسە، تەوکل، حەوزی دیالە، باشوری خانەقین، زۆرئوم حنتە وعەبارە).