گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیری کشتوکاڵی هەرێم ژمارەیەک کار و بڕیاری لە بەرژەوەندی جوتیاران ڕاگەیاند

2020.07.25 - 21:49
وەزیری کشتوکاڵی هەرێم ژمارەیەک کار و بڕیاری لە بەرژەوەندی جوتیاران ڕاگەیاند

ناس کورد-

وەزیری کشتوکاڵی هەرێم ژمارەیەک کار و بڕیاری لە بەرژەوەندی جوتیاران ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو هەرگیز نەیوتووە تەماتەی خۆماڵی بۆ دۆشاو نابێت، بەڵکو خۆی لەماڵەوە دۆشاوی لە تەماتەی خۆماڵی دروستکردووە.

 

لە نوسینیکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێم ڕایگەیاند: "كارگەی دۆشاوی شارەزوور كەوتەوە كار و تەماتەی خۆماڵی بەكاردەهێنێت، مەرجی سەرەكیمان لە پێدانی مۆڵەتدا بە كارگەكان دەبێت بەروبومی ناوخۆیی بەكاربهێنن."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "من هیچکات نەموتووە تەماتەی خۆماڵی بۆ دۆشاو نابێت، من لە ماڵی خۆمدا دۆشاوم لە تەماتەی كوردی دروستكردووە، لەبەر ئەوەی من یان هەركەسێك كە لەماڵی خۆی تەماتە دەكاتە دۆشاو بیر لە قازانجی ماددی ناكاتەوە، بیر لەوە ناكاتەوە قازانجی لێ بكات و بیفرۆشێتەوە، ئەگەر چەند سندوقێك تەماتەش بكڕێت و چەند كیلۆیەك دۆشاوی لێ بەرهەمبێت بەلایەوە ئاساییە، چونكە بۆ ماڵی خۆیەتی، بەڵام كارگەیەك كە تەماتە وەردەگرێت بۆ قازانج وەریدەگرێت، ئەمە خوێندنەوەی كارگەكانە نەك من وەك وەزیری كشتوكاڵ، ئەگینا منیش دەزانم باو و باپیرانمان لە دێرزەمانەوە تەماتەی كوردییان بۆ دۆشاو بەكارهێناوە و بەرهەمێكی جوانیشی لێ بەرهەمهاتووە."

 

وەزیری کشتوکاڵی هەرێم جەختیکردووەتەوە: "هەوڵمان ئەوەبوو ئەو كارگە ناوخۆییانەی كە لەبواری بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتە لە هەرێمی كوردستاندا كاردەكەن بەگەڕبخرێنەوە، یەكێك لە مەرجەكانمان ئەوەیە لە مۆڵەتەكانیان بنوسرێت دەبێت بەرووبوومی ناوخۆیی بەكاربهێنن."

 

بێگەرد تالەبانی ئەوەشی خستووەتەڕوو: " ساڵی ئایندە هاوكاری جووتیاران دەبین و ئەو بنە تۆوانەیان پێبدەین كەدەتوانرێت لەكارگەكاندا بەرووبوومەكەی بەكاربهێندرێت، هەروەها ساڵی ئایندە كارگەی دۆشاوی تەماتەی هەریر گرێبەست لەگەڵ جووتیاران دەكات."

 

وەزیری کشتوکاڵی هەرێم باسی لەوەشكردووە: " بۆئەوەی گرفتی ساغ نەبوونەوەی بەرهەم دووبارە نەبێتەوە، پێویستە جووتیارانیش هەماهەنگبن و گرێبەست لەگەڵ كارگەكان واژۆ بكەن و هەردوولا پابەندبن بە گرێبەستەكانەوە."