ناس کورد-
لیژنەی پەروردە لە پەرلەمانی عێراق هۆکاری دواخستنی تاقیکردنەوەکانی قۆناغی بەکەلۆری گەڕاندەوە بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و ئاماژەی بەوەشکرد، پێدەچێت ساڵی خوێندنی داهاتوو بەشێوازی ئەلکترۆنی بەڕێوەبچێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
توعمە لهێبی، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ڕۆژنامەی "سەباحی"ی نیمچە فەرمی عێڕاقی ڕاگەیاند: "بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هەموو ناوچەکانی عێراق، بڕیاردرا تاقیکردنەوەکانی (بەکەلۆری) قۆناغی شەشەمی ئامادەیی دوابخرێت بۆ (یەکی ئەیلولی)ی داهاتوو، لەگەڵ ئەوەشدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش هۆکارێکی دیکەی ئەو بڕیارەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "دەبێت هاووڵاتیانی عێراق خۆیان لەگەڵ ئەو پەتا نەگریسە ڕابهێنن، بۆیە پەیڕەوکردنی سیستمی پەڕینەوە بۆ قۆناغی شەشەمی ئامادەیی بە هەموو شێوەیەک ڕەتکراوەیە و دەبێت تاقیکردنەوەکانی ئەو قۆناغە هەستیارە بەهەر شێوەیەک بێت ئەنجامبدرێت".
دەربارەی ڕەوشی خوێندن لەساڵی داهاتوو، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق وتی : "لە ئێستادا ئامادەکارییەکان لەلایەن حکومەتەوە بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو کراوە، بەڵام ئەگەرمەترسی ڤایرۆسەکە هەر لە ئاردابوو، ئەوا پێدچێت حکومەت بڕیاری پەیڕەوکردنی سیستمی خوێندنی ئەڵکترۆنی بۆ ساڵی ئایندە بدات".