گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لایەنە دڵخۆشکەرەکەی چییە؟

دەرمانە ڕوسییەکە کاریگەری لەسەر توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم نەبووە

2020.07.25 - 18:24
دەرمانە ڕوسییەکە کاریگەری لەسەر توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێم نەبووە

ناس کورد-

ماوەی زیاتر لە 10 ڕۆژە دەرمانی فاڤیپراڤیرەی ڕوسیی تایبەت بە کۆرۆنا بۆ ژمارەیەک توشبووی کۆرۆنا لە هەولێر بەکارهێنراوە، تەندروستیی پارێزگاکەش دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ کاریگەرییەکی دەرمانەکە دەرنەکەوتووە، بەڵام ئەنجامە دڵخۆشکەرەکەی ئەوەیە هیچ کاریگەری و نیشانەیەکی نەرێنیشی نەبووە.

 

یانزە ڕۆژ بەر لەئێستا پارێزگای هەولێر، وەک یەکەم پارێزگای هەرێمی کوردستان ئەو دەرمانە ڕوسییەی بۆ توشبووانی کۆرۆنا بێبەرامبەر بەکارهێنا، لەکاتێکدا لەهیچ پارێزگایەکی دیکە حکومەت تاوەکو ئێستا دەرمانەکەی دابین نەکردووە.

 

زیاتر بخوێنەوە: حکومەتى هەرێم دەرمانە ڕوسییەکەى تەنها بۆ پارێزگای هەولێر کڕیوە

 

بژار موسا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "دەرمانەکەمان بۆ ئەو کەسانە بەکارهێناوە کە نیشانەکانی ڤایرۆسەکەیان تێدایە، بەڵام تەندروستییان بەشێوەیەک خراپ نییە کە لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرددا بن."

 

وتیشی: "تاوەکو ئێستا دەرمانەکە هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی نەبووە بۆ نەهێشتنی نیشانەکان و هیچ ئەنجامێکمان بەدەستنەهێناوە."

 

وتەبێژی تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەوەی جیگای دڵخۆشییە لەسەر دەرمانەکە ئەوەیە کە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیشی نەبووە و نیشانەی لاوەکی لەسەر ئەو کەسانە نەبووە کە دەرمانەکەیان پێدراوە."

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا، کۆمپانیایەکی تایبەتی دەرمان لە هەولێر، دەرمانە ڕووسیەکەی دروستکردەوە و وتەبێژی تەندروستیی هەولێریش بە ناس کوردی راگەیاندبوو، کاریگەری دەرمانەکە پێنج بۆ حەوت ڕۆژی دەوێت.