گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داهاتى گومرگی هەرێم 20% بەرزبووەتەوە

هەرێم رازى دەبێت خاڵە سنورییەکان بخرێنە ژێر دەسەڵاتى بەغدا؟

2020.07.25 - 14:45
هەرێم رازى دەبێت خاڵە سنورییەکان بخرێنە ژێر دەسەڵاتى بەغدا؟

ناس کورد-

داهاتى گومرگ لە خاڵە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان لەماوەى مانگى ڕابردوودا رووى لە بەرزبوونەوە کردووەتەوە و قەرەبووى نزیکەى نیوەى ئەو زیانەى کردووەتەوە کە بەهۆى کۆرۆناوە روبەڕووى ببوەوە.

 

بەرزبوونەوەى داهات

لە مانگى ئازارى ئەمساڵەوە هەرێمى کوردستان ڕێوشوێنى توندى خۆپارێزى گرتەبەر لە خاڵە سنورییەکان بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە و جموجۆڵى بازرگانى لە خاڵە سنورییەکان بە ڕێژەیەکى زۆر سنوردار کرد، بەوەش داهاتى گومرگ ڕووى لە دابەزینى بەرچاو کرد.

 

ساماڵ عەبدوڕەحمان، بەڕێوەبەرى گشتیی گومرگ لە هەرێمى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "بەهۆى گرتنەبەرى ڕێوشوێنەکانەوە، داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان بە ڕێژەیەکى گەورە کەمبوویەوە، بەشێوەیەک داهاتەکە بەڕێژەى 40%-45% دابەزیبوو".

 

ماوەى زیاتر لە مانگێکە حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕێوشوێنەکانى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆناى سوککردووە و جموجۆڵى زیاتر بۆ خاڵە سنورییەکان گەڕاوەتەوە.

 

ساماڵ عەبدوڕەحمان وتیشی، "ماوەى مانگێک بۆ مانگ و نیوێکە داهات ڕووى لە بەرزبوونەوە کردووەتەوە و بەڕێژەى 20% بەرزبووەتەوە، لەو ڕێژەیەی پێشتر دابەزینى بەخۆوە بینی بوو".

 

ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا

داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکانى هەرێم بەشێکن لە دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا کە هێشتا نەگەیشتوون بە ئەنجام، سەربارى خواستى بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنى دەروازە سنورییەکان هاوشێوەى دەروازەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق.

 

هەرێمى کوردستان لە دانوستانەکاندا رەزامەندیداوە لەسەر رادەستکردنى نیوەى داهاتى گومرگ و خاڵە سنورییەکان بەبەغدا، سەربارى ڕادەستکردنى داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوت.

 

زیاتر بخوێنەوە: بەغدا بەرەو دەروازەکانى هەرێم دەجوڵێت ئەمجارە بە ’’هێز’’

 

ساماڵ عەبدورەحمان وتى "هێشتا لە ناوەڕاستى دانوستانەکانداین و نەگەیشتووین بە ڕێککەوتن، بەڵام هەموو پرسێک پێویستە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت".

 

هەروەها لەبارەى هەوڵەکانى بەغداوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى خاڵە سنورییەکان و هەڵوێستى هەرێم لەو بارەیەوە، ساماڵ عەبدورەحمان جەختیکردەوە کە سەرجەم پرسەکان پێویستیان بەوەیە بە گفتوگۆ یەکلابکرێنەوە، بەبێ ئەوەى هیچ قسەیەکى دیکە لەو بارەیەوە بکات.

 

هەرێمى کوردستان چوار دەروازەى فەرمى هەیە لەگەڵ هەریەکە لە ئێران و تورکیا کە پێکهاتوون لە حاجى ئۆمەران لەنێوان پارێزگاى هەولێر-ئێران، باشماخ و پەروێزخان کە دەکەونە نێوان پارێزگاى سلێمانى-ئێران و ئیبراهیم خەلیل لەنێوان پارێزگاى دهۆک-تورکیا، لەگەڵ دەیان خاڵى دیکەى نافەرمى کە ڕۆژانە جموجۆڵى بازرگانى گەورە بەخۆیانەوە دەبینن.  

 

بەپێی ئەو زانیارییانەى ناس کورد دەستیکەوتووە، لە دوایین سەردانى شاندى هەرێم بۆ بەغدا لە مانگى ڕابردوودا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکومەتى عێراق، بەرپرسانى بەغدا بەراشکاوى پێیان وتوون کە دەیانەوێت "بە هێز" کۆنترۆڵى دەروازە سنورییەکانى هەرێم بکەن هاوشێوەى دەروازەکانى دیکەى عێراق، بەڵام شاندى هەرێم ئەوەى ڕەتکردووەتەوە.  

  

زیاتر بخوێنەوە: بە کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان ’’نزیکەى 15 ملیار دۆلار بۆ حکومەتی عێراق’’ دەگەڕێتەوە  

  

سەرچاوەیەکى حکومى ئاگادار جەختى لەو داواکارییەى بەغدا کردەوە و وتى، ئەوە کێشەیەکى ڕاستەقینەى بەردەم بەئەنجام گەیشتنى دانوستانەکانە، بەڵام ڕاشیگەیاند کە هەرێم "بەتوندى ئەوە ڕەتدەکاتەوە".