گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواى رزگارکردنى چى وت؟

هیلا میفیس.. لە بەرلینەوە بۆ بەغدا

2020.07.24 - 22:37
هیلا میفیس.. لە بەرلینەوە بۆ بەغدا

ناس کورد-

 

هیلا میفیس ئەو ژنە چالاکوانە ئەڵمانییەى لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەدەست رفێنەرانى لەبەغدا رزگارکرا سوپاسى هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتى ناوخۆ دەکات و دەڵێت تەندروستى باشە.

 

دواى چوار رۆژ لە رفاندنى لەبەغدا، ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان شوێنى ئەو ژنە چالاکوانە ئەڵمانییەیان دیاریکرد و توانیان رزگارى بکەن، بەبێ ئاشکراکردنى ناسنامەى رفێنەران.

 

هیلا میفیس لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا دواى ئازادکردنى دەردەکەوێت کە سوپاسى وەزارەتى ناوخۆى عێراق و هێزە ئەمنییەکان دەکات لەبەرانبەر هەوڵەکانیان لەپێناو رزگارکردنیدا.

 

  

 

زکرى سرسم سەرۆکى رێکخراوى بورج بابل کە هاوڕێی هیلایە بە پێگەى DWى ئەڵمانى ڕاگەیاندووە، هیلا میفیس پەیوەندى پێوەکردووە و پێی وتووە کە تەندروستى باشە و بەم نزیکانە عێراق جێدەهێڵێت.

 

لەبارەى مامەڵەى رفێنەران لەگەڵیدا، سرسم وتى "هیلا وتویەتى باش بووە"، بەبێ ئەوەى هیچ قسەیەکى دیکە بکات.

 

رفێنەرانى نادیار

سرسم پێیوایە هیچ سازشێک نەکراوە لەبارەى پێدانى پارە لەبەرانبەر رزگارکردنیدا و جەختیکردەوە هێزە ئەمنییەکان سەرکەوتوو بوون لە رزگارکردنى، پێشیوایە ئەو لایەنەى بەرپرس بووە لە رفاندنى تواناى باشى هەیە، بەتایبەتى لەجۆرى ئەو ئۆتۆمبیلانە دەردەکەوێت کە کارەکەیان پێکردووە، لەگەڵ پڕۆسەى چاودێریکردنى.

 

بەبڕواى چاودێران، رفاندنى هیلا تاقیکردنەوەى دووەمى حکومەتى عێراقە بەسەرۆکایەتى مستەفا کازمى، دواى تیرۆرکردنى هیشام هاشمى شارەزاى ئەمنى چەند هەفتەیەک لەمەوبەر.

 

جموجۆڵى دەسەڵاتداران بۆ گەڕان بەدواى هیلا خێرا و سەرکەوتوو بوو، بەڵام ئاڵنگارى گرنگ بەلاى زۆرێکەوە ئاشکراکردنى لایەنى بەرپرس لە رفاندنەکەیە.

 

بەوتەى سەرچاوەیەکى ئەمنى بۆ فرانس پرێس، میفیس کە بەرپرسى پڕۆگرامێکى هونەرییە لە سەنتەرێکى تایبەت بە کارى هونەرى، رۆژى دووشەمە بە پاسکیل نوسینگەکەى خۆى بەجێهێشتووەو دوو ئۆتۆمبیلى بینیوە کە یەکێکیان بارهەڵگرێکى سپی بچوک بووە هاوشێوەى ئەو ئۆتۆمبیلانەى هێزە ئەمنییەکان بەکاریدەهێنن و لەناوچەى کەرادەى ناوەڕاستى بەغدا رفاندویانە.   

  

وتیشى "ئەندامى یەکێک لە بنکەکانى پۆلیس پڕۆسەى رفاندنەکەى بینیوە، بەڵام دەستوەردانى نەکردووە".  

  

سەرچاوەیەکى دیکەى ئاگادار ڕایگەیاندووە، هێزى تایبەتى هەواڵگرى عێراقى توانیویانە شوێنپێی یەکێک لەبەرپرسانى پڕۆسەى رفاندنەکە هەڵبگرن لەرێگەى کامێراى چاودێرییەوە.  

  

دەشڵێت "کەسێک دەستگیرکرا کە وتویەتى ئەندامى یەکێک لە گروپەکانى حەشدى شەعبییە، بۆ دورخستنەوەى پێکدادان گەیشتینە رێککەوتن، بە ئازادکردنى زیندانیکراوێک لەبەرانبەر ئازادکردنى ئەو بارمتە ئەڵمانییە".  

 

رفاندنى ئەو چالاکوانە ئەڵمانییە هاوڕێکانى توشى شۆککرد. سرسم داوا لە حکومەت دەکات ئەو لایەنە ئاشکرابکات کە لەپشت رفاندنەکەوە بووە "ئەمە تاقیکردنەوەیەکى گرنگە بۆ حکومەت".

 

سرسم باسى لەوەشکرد، پێش رفاندنى دوایین جار کەپەیوەندى بە هیلاوە کردووە رۆژى پرسەى هیشام هاشمى شارەزاى ئەمنى بووە کە لە ئۆتۆمبیلەکەدا کوژرا.

 

سرسم وتى "واپێدەچوو بەشداربێت لە ماتەمگێڕان لە گۆڕەپانى تەحریر، پەیوەندى پێوەکردم و زۆر دەترسا و تێکشکابوو، لێی پرسیم داهاتوومان چى دەبێت دواى تیرۆرکردنى هاشمى، منیش پێموت هەمومان لەژێر هەڕەشەداین و ناتوانین هیچ شتێک بکەین. پرسیاریکرد ناتوانین گەشت بکەین لەم ماوەیە، پێموت بەهۆى قەدەغە گەشتکردنەوە ناتوانین".

 

هیلا میفیس کێیە؟

هیلا لەساڵى 2011 ەوە لەبەغدایە. ئەو کۆچى پێچەوانەى هەڵبژارد بەرەو عێراق و مانەوە لەبەغدا، لەکاتێکدا هەزاران هاوڵاتى عێراقى داواى مافى پەنابەریان دەکرد لە ئەڵمانیا.

 

سرسم دەڵێت، هیلا ماوەیەکى درێژ بوو لەبەغدا بوو زۆر کەسى دەناسی، پەیوەندى باشى هەبوو لەگەڵ خەڵک و دامەزراوە و بەرپرس و رێکخراوەکان.

 

پێش رۆیشتنى بۆ بەغدا، هیلا لەگەڵ هاوسەرى پێشووى لەبەرلین کاریدەکرد، دواى جیابونەوەشیان دەستیکرد بە خوێندن لە بەشى ئابورى لە لەزانکۆیەکى ئێواران، پاشان بووە بەرێوەبەرى رۆشنبیرى دامەزراوەیەکى پەیوەست بە دوبارە گەڕانەوەى ژیانى رۆشنبیرى لەعێراق.

 

دواى یەکەم سەردانى بۆ بەغدا لە میهرەجانێکدا، نەیتوانى ئەو شارە جێبهێڵێت، سەرەڕاى بارودۆخى سەختى ژیان.

 

عەلى مەکدام رۆژنامەنوس کە ماوەیەکى زۆر لەگەأ هیلا کاریکردووە دەڵێت "ئەگەر بەغدا پیاو بوایە هیلا هاوسەرگیرى لەگەڵدا دەکرد"، لە ئاماژەیەکدا بۆ عەشقى هیلا بۆ بەغدا.