گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرەڕاى شەڕى میدیایى نێوانیان

پارتى باس لە ئەگەرى رێککەوتن لەگەڵ یەکێتى دەکات

2020.07.24 - 21:08
App store icon Play store icon Play store icon
پارتى باس لە ئەگەرى رێککەوتن لەگەڵ یەکێتى دەکات

ناس کورد-

 

پارتى دیموکراتى کوردستان باس لە ئەگەرى رێککەوتن دەکات لەگەڵ یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لەرۆژانى نزیکى داهاتوودا، لەکاتێکدا شەڕى نێوانیان تادێت گەرمتر دەبێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ماوەى دوو رۆژە شەڕى میدیاى نێوان پارتى و یەکێتى جارێکى تر سەریهەڵداوەتەوە و بەرپرس و میدیاکانى هەردوولا وەڵامى توندى یەکترى دەدەنەوە، پێش کۆبوونەوەى چاوەڕوانکراوى نێوانیان بۆ چارەسەرى کێشەکان.

 

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا وەڵامێکى توندى ڕاگەیەنراوێکى مە‌كته‌بی راگه‌یاندنی یه‌كێتی دایەوە، لە ئاماژەیەکدا بۆ گەرمبوونى شەڕى ڕاگەیاندنى نێوانیان.

 

لەگەڵ ئەوەشدا دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی جەختیکردووەتەوە "دەخوازین بە تەباییەوە، بە نەفەسی چارەسەری کێشەکان و خزمەتکردنی ھاووڵاتییان، روو لە بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان بکرێت و ئیتر کۆتایی بەم دڕدۆنگییە سیاسییە میدیاییە بێت و رۆژانی بەر لە جەژن بکەینە رۆژانی تەبایی و چارەسەری کێشەکان".

 

تا ئێستا دیار نییە شەڕى ڕاگەیاندنى نێوانیان کۆبوونەوەى چاوەڕوانکراوى ئەمجارەى نێوان پارتى و یەکێتى هەڵدەوەشێنێتەوە یاخود نا، بەتایبەت کە لەچەند مانگى ڕابردوودا دووجارى تر وادەى کۆبوونەوەیان دیاریکرد و دواتر هەڵوەشێنرایەوە.

 

کۆبوونەوەکە بڕیارە رۆژی شەممە لە سەرۆکایەتی هەرێم بکرێت و تیایدا کێشەکانی نێوانیان تاوتوێ بکەن. 

  

پێشتر سەرچاوەیەکی لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە ناس کوردی وتبوو "سەرەتای هەفتەی داهاتوو کە بە ئەگەرێکی زۆر ڕۆژی شەممە دەبێت، پارتی و یەکێتی لە سەرۆکایەتی هەرێم کۆدەبنەوە."  

  

باسى لەوەشکردبوو، کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە تاووتوێ کردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا، بەتایبەت لەدوای بڕیارێک لەناو یەکێتی هەیە بۆ بایکۆت کردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان.  

  

ناس کورد زانیویەتی، لەکۆبوونەوەی ڕابردووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی، یەکێتی بڕیاریداوە کۆبوونەوەکە لەگەل پارتی بکات و دواتر بڕیاری کۆتایی لەبارەی بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان بدات، یاخود ئەگەر گفتوگۆکانی نێوان هەردوو حزب ئەرێن بوو، ئەوکات لە بڕیارەکە پاشگەزبێتەوە و ڕۆژی یەکشەممە فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری دانیشتنی پەرلەمان بکات.  

  

دەربارەی ئەندامانی شاندەکە، سەرچاوەکەی مەکەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، هێشتا ئەندامانی شاندەکە دیارینەکراون، هەربۆیە بەفەرمی وادەی کۆبوونەوەکە ئاشکرانەکراوە.