ناس کورد-
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم بازاری سیمی لە گەڕەکی کوردستانی شاری هەولێر گڕی گرت و نزیکەى 300 دوکانی هاوڵاتیان سوتان، تائێستاش هۆکاری ئاگرەکە دیار نییە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ هەینی، 24ی تەموزی 2020، تیمەکانی بەرگریی شارستانی هەولێر چوونە شوێنی ئاگرەکە و تائێستاش خەریکی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.
ئاگرەکە کاتژمێر 4:45 خولەکی بەیانی لە کۆڵانی تەڕەفرۆشانی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان له ههولێر دروست بووە، تەواوی بازاڕەکەی گرتووەتەوە و زیاتر لە 300 دوکان سووتاون.
ئەوە سێیەم جارە جارە لەکاتی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، ئەم بازاڕە ئاگر دەگرێت و جاری پێشوو لە رۆژی 15ی حوزەیرانی 2018 جارێکی دیکە ئەم بازاڕە ئاگری گرت و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 دوکان سووتان.
بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان، بازاڕێکی میللییە و بەشێک لە دوکاندارەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە ھەندێک دوکاندار کارەبای بەردەوامییان ھەیە و ئەمەش رەنگە بەشێک لە ھۆکاری سووتانەکەی بێت.
بازاڕەکە 600 دوکان لەخۆ دەگرێت و شوێنەکە ئاوی بەرگری شارستانی تییادا نیيە بۆ ئەوەی لەکاتی وەھا ئاگرکەوتنەویەک، ھاوڵاتییان بتوانن زوو ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، ھەروەھا بەھۆی تەنگی کۆڵانەکان، تیمەکانی بەرگری شارستانی نەیانتوانیووە بچنە ناو کۆڵانەکان.