گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هێزە ئەمنیەکانی عێراق چالاکە ئەڵمانییەکەیان ڕزگارکرد

2020.07.24 - 08:44
هێزە ئەمنیەکانی عێراق چالاکە ئەڵمانییەکەیان ڕزگارکرد

ناس کورد-

وتەبێژی فەرمیی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە هیلا میفس، ژنە چالاکی ئەڵمانی کە چەند ڕۆژیک پێش ئێستا لە بەغدا لەلایەن چەند کەسێکەوە ڕفێنرابوون ئازاد بکەن.

 

بەیانی ئەمڕۆ هەینی، 24ی تەموزی 2020، یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە تویتێکدا دەڵێت، "هێزە ئەمنییەکان هیلا میفیس، چالاکی ئەڵمانییان ئازاد کرد" بەڵام هیچ وردەکاریی و زانیارییەکی ئاشکرا نەکردووە.

 

هاوکات ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، هێشتا لێکۆڵینەوەکان لەبارەى ڕووداوەکەوە بەردەوامن و لەدوای تەواوبوونی، ئەنجامەکەى بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا دەکەن."

 


دۆسیەی ڕفاندنی ئەو چالاکە ئەڵمانییە کە بەڕێوەبەری ڕێکخراوی "بيت تركيب" بوو بۆ هونەری سەردەم، توڕەییەکی زۆری شەقامی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا و داوا لە هێزە ئەمنییەکان کرا تاوانباران دەستگیربکرێن و ئەو چالاکە ئازاد بکرێت.

 

هیلا ئێوارەى دووشەممەى پێشوو لە نزیک ڕووباری دیجلە لە ناوەڕاستی بەغدا ڕفێنرا.

 

بەپێی گرتە ڤیدیۆییەک کە دوای ڕۆژێک لە ڕفاندنی بڵاوکرایەوە، "چەند چەکدارێک لە دوو ئۆتۆمبێل دێنە دەرەوە  ناوبراو دەڕفێنن." 

 

ڕووداوەکە لە نزیک بنکەیەکی پۆلیس ڕوویدا، هێزە ئەمنییەکان توانییان لەڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە چاودێری ڕووداوەکە بکەن."

 

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "دوو ئۆتۆمبێلەکە لەجۆری ستارکس و پیک ئەپ بوون، هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی کامێرای چاودێری لە نزیک گۆڕەپانی ئەندەلوس شوێنی بەڵگەکان بکەون و چالاکەکە ڕزگار بکەن."

 

لەدوای ڕفاندنی، هاشتاگی "#اطلقوا سراح هيلا ميوس" واتە هیلا میوس ئازاد بکەن بووە زۆرترین هاشتاگی بەکارهێنراو لە تویتەری عێراق، چەندین بەکارهێنەری تر وێنە و ڤیدیۆ هیلایان بڵاودەکردەوە کە چەند گرنگی بە هونەری عێراقی و بەغدایی داوە.