گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كێ تەقينەوەى دامەزراوە ئەتۆميەكەى ئێرانى ئەنجامدا؟.. ناوی کەسێک دەهێنرێت

2020.07.23 - 23:06
App store icon Play store icon Play store icon
كێ تەقينەوەى دامەزراوە ئەتۆميەكەى ئێرانى ئەنجامدا؟.. ناوی کەسێک دەهێنرێت

ناس کورد- 

چەند ڕاپۆرتێكى ڕۆژنامەوانى ئێران ئەنجامدەرى تەقينەوەكەى دامەزراوەى "نتنز"ى ئەتۆمى ئێران ئاشكرا دەكەن و لەو ڕاپۆرتانەدا هاتوە، بەڵێندەرێك بووە كە چەند ساڵێكە لە دامەزراوەكەدا كار دەكات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

پێگەى "ديدە بان ئێران" بڵاويكردوەتەوە، ئەنجامدەرى تەقينەوەى دامەزراوەى ئەتۆمى نتنز، بەڵێندەرێك بووە بەناوى "ئيرشاد كەريمى" كە چەند ساڵێكە لە دامەزراوەكەدا كاردەكات، لەگەڵ تيمەكەيدا تەقينەوەكەيان ئەنجامداوە كە زيانى زۆرى بە دامەزراوەكە و ناوبانگى وڵاتەكەش گەياندووە.

 

پێگەكە ئەوەشى ئاشكرا كردوە، هەروەها "تەباتەبائى نەجاد" وتاربێژى هەينى يەكێك لە مزگەوتەكانى شارى ئەفسەهانيش ئەوەى تەئكيد كردوەتەوە كە ئيرشاد كەريمى تەقينەوەكەى ئەنجامداوە.

 

كەريمى كە ئەندازيارە لەساڵى 1944 لەدايكبووە و دامەزرێنەر و سەرۆكى كۆمپانياى ئەندازيارى ئێرانييە، تائێستاش لەلايەن هيچ لايەنێكى فەرمييەوە زانيارى سەر تێوەگلانى ئەو وەبەرهێنە بڵاونەكراوەتەوە.

 

لەلايەكى ترەوە "حەسەن ڕازى" شارەزاى كاروبارى ئێران پێى وايە، ئەو زانياريانە جێى متمانە نين و ڕژێمى ئێران دەيەوێت ئابڕووى خۆى بپارێزێت و نامەيەك ئاراستەى ناوخۆى وڵاتەكەى بكات و بڵێت كە سەركەوتوو بوون لە دەستگيركردنى ئەو كەسەى لەپشت تەقينەوەكەوە بووە.

 

باسى لەوەشكردوە، دەسەڵاتدارانى ئێران تۆمەتى هاوشێوەيان ئاراستەى چەندين هاوڵاتى ئێران كردوە و كۆتا دانەشيان موسەوى مەجد بوو كە يەكێك بوو لە هاوەڵەكانى قاسم سولەيمانى و تۆمەتى پێدانى زانيارى بە ئەمريكيەكانيان دايە پاڵى كە بووە هۆى كوشتنى سولەيمانى، بەڵام دواتر دەركەوت كە ئەو كاتەى ناوبراو كوژرا ئەو لە بەنديخانەدا بووە.

 

ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، ڕژێمى ئێران ڕاهاتووە تۆمەت ئاراستەى ئێرانيەكان بكات و ئەشكەنجەى دڕندانەيان بدات، بۆيە ئەو گێرانەوەيە متمانە پێكراو نييە، ئەى تەقينەوەكانى تر چى؟ كێ لە پشتيانەوەيە؟ بۆيە ناكرێت تەنها كەسێك ئەو هەموو تەقينەوەيە ئەنجام بدات.

 

پێشتر جەواد كەريمى قدوسى، ئەندامى ليژنەى ئاسايشى نيشتمانى پەرلەمانى ئێران ئەوەى ئاشكراكرد، تەقينەوەكەى دامەزراوەى نتنز دزەى ئەمنى بووە، چەندين گێڕانەوەش سەبارەت بەو تەقينەوەيە هەيە، لەوانەش فڕۆكەى ئيسرائيلى و هێرشى موشەكى و سيخوڕ لەڕێگەى بۆمبى چێنراوەوە ياخود هێڕشى ئەلكترۆنى ئيسرائيل و ئەمريكى و كێشەى هونەرى و ئاگر كەوتنەوە و تێكدانى بەئەنقەست.

 

قدوسى زۆرينەى ئەو گێرانەوانە رەتدەكاتەوە دەڵێت، ئەگەر لێدان لەدەرەوە بووبێت ئەوا دەبوو پارچە ببينين، بەڵام هيچ شتێكى لەو جۆرە بوونى نييە.

 

پێشتريش ڕۆژنامەى نيويۆرك تايمزى ئەمريكى ئەوەى بڵاوكردبوەوە، ئەندامێكى سوپاى پاسداران پێى ڕاگەياندوون كە تەقينەوەكە بەهۆى بۆمبێكى بەهێزەوە بووە كە لەناو دامەزراوەكە دانراوە و زيانێكى زۆرى داوە.

 

تەقينەوەكەى دامەزراوەى نتنز يەكێك بوو لە ديارترين ئەو تەقينەوە و كەوتنەوەى ئاگرە ناديارانەى لەماوەى چەند هەفتەى ڕابردودا ڕووياندا لە زياتر لە 10 دامەزراوەى پيشەزساى و سەربازى گرنگى ئێران.