ناس کورد-
شارەزایەکی بوارى ئابورى پێشبينى ئەوە دەكات، ئاڵتون ڕۆڵى خۆى بەدەستبهێنێتەوە لە سيستمى نەختينەى جيهانيدا، واتە پێوانەى ئاڵتون دەگەڕێتەوە و هۆشداريش دەدات لەوەى كە دراوى ئەمريكى "دۆلار" لە ڕووخاندايە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پيتەر شيف، شارەزاى ئابورى جيهانى لە هەژماری خۆى لەتۆڕى كۆمەڵايەتى تويتەر بڵاويكردوەتەوە، پێشبينى ئەوە دەكات نرخى كانزاكان لە داهاتويەتى نزيكدا بەرز ببنەوە، لەكاتێكدا جيهان سەرقاڵى ڕووبەڕووبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنايە نرخى ئاڵتون و زيو بەرەو بەرزبونەوە دەچن و لەماوەى داهاتوشدا جوڵەيەكى گەورە لە ئاڵتون و زيودا ڕوودەدات.
باسى لەوەشكردوە، نرخى يەك ئۆنسە "31.10 گرام" زيوو لەوانەيە بگاتە 50 دۆلار، بەڵام ئەو بەرزبونەوەيە بۆ ماوەيەكى كەم دەبێت و زيو دەبێتە بتكۆينى نوێ.
ئەو شارەزا ئابوريە ئەوەشى باسكردوە، ئاڵتون ڕكابەريەكى بەهێزى دۆلار دەكات لە يەدەگدا، هۆشداريش دەدات لەوەى كە دۆلارى ئەمريكى لە لێوارى ڕووخاندايە و كاتێكيش ئەوە ڕوودەدات ئاڵتون جێگەى دەگرێتەوە.
پيتەر شيف ئامۆژگارى ئەوەش دەكات، پێش ئەوەى كارلەكار بترازێت دوور بكەونەوە لە كۆكردنەوەى دۆلار، كانزاكان لە سيستمى نەختينەى جيهانى شوێنى خۆيان دەگەڕێننەوە، جيهان دەگەڕێتەوە بۆ پێوانەى ئاڵتون، جا يەدەگى دراوى فيداراڵى ئەمريكى پێى خۆشبێت ياخود نا.