ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر دەربارەی دروستکردنی قوتابخانەیەک لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە لە هەولێر هاتەدەنگ و رایگەیاند، ئەو کارانە دەبێت لەلایەن دامەزراوە حکومییەکانەوە بێت و داواش دەکەن، کەرتی پەروەردە تێکەڵ بە کاری سیاسی و حزبی نەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی تەموزی 2020، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر ڕایگەیاند: "ئەمرۆ لەگەرەکێکی شاری هەولێر لە راگەیاندن وا پەخشکرا کە گوایە بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی بنەرەتی دانراوە."
ئاماژە بەوەشکراوە: "ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر جەخت لەوە دەکەینەوە ئەم کارانە دەبێت لە رێگای دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی پەروەردە و شارەوانی بێت لە پارێزگای هەولێر و نەخشەکان پەسەندکرابن و تێچووەکان دیاربن و بەو مەرجە ئەندازیاریانە بێت کە بەڕێوبەرایەتی بیناسازیی پەسەندی دەکات."
پەروەردەی هەولێر ئەوەشی خستووەتەڕوو: "ئەم کارانە ئەو کاتە ڕەزامەندی وەردەگرێت کە تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومی بریاریان دابێت و پەسەندیان کردبێت، داوا لە هەموولایەکیش دەکەین کەرتی پەروەردە بە حزبی و سیاسی نەکرێت."
ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی دوو ڕۆژە، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لەشاری هەولێرە و ئەمڕۆش بەردی بناغەی قوتابخانەیەکی دانا.